ئاڤا نیوز
لە پارێزگای دهۆک پرۆژەیەکی خێرخوازی بۆ کەمکردنەوەی نرخی چارەسەری پزیشکی ڕاگەیێنراوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 پزیشک و سەنتەری چارەسەری تەندروستیی تایبەت لە مانگی ڕەمەزان دادەبەزێنرێت.
چیرۆکی سەرەکی: لقی یەکی پارتی لە دهۆک بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی دهۆک پڕۆژەیەکی خێرخوازیان ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی نرخی پزیشک و سەنتەرەکانی چارەسەری تەندروستی لە مانگی ڕەمەزان بە ڕێژەی 10% بۆ 25% کەم بکرێتەوە.
لێدوانی فەرمی: نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ گرنگترین پرۆژەی خێرخوازیمان لە دهۆک ڕاگەیاند."
لەلایەکی دیکەوە: د. ئاراز عەبدال سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی دهۆک بە ئاڤا نیوزی گوت، "دەرگای خۆتۆمارکردن لەم پرۆژە خێرخوازییە کراوەتەوە، هەر پزیشک و سەنتەرێکی چارەسەر خۆی تۆمارنەکردبێت، دەتوانێت لەمڕۆوە دەست بە ڕێکارەکان بکات."
ژمارەکان وادەڵێن: ئەو پزیشک، نەخۆشخانە و سەنتەرانەی تاوەکو ئێستا خۆیان لە پڕۆژەکە تۆمارکردووە بەمشێوەیەن:-
• نەخۆشخانە: 10 • نۆرینگەی پزیشکی: 222 • پزیشکی ددان: 38 • پزیشکی تیشک و سۆنەر: 15 • سەنتەری تیشک: 8 • دەرمانخانە: 42 • تاقیگە: 30 • ناوەندی کارمەندانی پزیشکی: 48