كەركووك-KDP.info- بەپێی ئامارێكی ئاسایشی كەركووك، تەنها لەم مانگەدا داعش نزیكەی 50 جار هێرشی لە سنووری كەركووك ئەنجام داوە، بەرپرسی میحوەری كەركووك - پردێی هێزی پێشمەرگەش، هۆكارەكانی هێرشی تیرۆریستان بۆ سنووری ئەو پارێزگایە دەخاتەڕوو.
نووری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری كەركووك - پردێی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "دۆخی كەركووك زۆر خراپە و شەوانە داعش ئەگەر كردەی تیرۆریستی ئەنجام نەدات، هەفتانە چەند جارێك هێرش دەكات، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە بوونی خۆیان لە ناوچەكە بسەلمێنن و بڵێن كە بەهێز بوونەتەوە و دەتوانن كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن".
بەرپرسی میحوەری كەركووك - پردێ گوتیشی: "ئەنجامدانی ئەو كردەوانە و بەهێزبوونەوەی داعش، بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەم، بۆشایی ئەمنی لە ناوچەكە هەیە و دووەمیش هێزە عێراقییەكان توانای پاراستنی ناوچەكەیان نییە، بۆیە داعش بەردەوام هێرش دەكات و كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات".
حەمەعەلی باسی لەوەش كرد: "خەڵكی سنووری كەركووك بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوكێدان و تاوەكو چارەسەری ئەم دۆخەش نەكرێت، هێرشی داعش درێژەی دەبێت و بەردەوامیش كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن".
بڵند ئیبراهیم