وەزارەتی تەندروستی: دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمانگە و قوتابخانەكان دوایین قۆناغ دەبێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان بە قۆناغ دەبێت و دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمانگە و قوتابخانەكانیش، دوایین قۆناغ دەبێت. دەشڵێ، پێنج رۆژە هیچ كەسێك تووشی كۆرۆنا نەبووە، بەڵام مەترسییەكانی هەر ماون و پێویستە خۆپارێزی بەردەوام بێت.

د. محەمەد قادر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێنج رۆژە هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار نەكراوە و دۆخەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، بەڵام مەترسی هەیە لە هەر كاتێكدا كەسی دیكەی تووشبوو تۆمار بكرێت، بۆیە پێویستە خۆپارێزی بەردەوام بێت".

قادر گوتیشی: "ئێمە پێشنیازمان كردووە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوام بێت و ئەگەر هەڵیشگیرێت، قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و هاتوچۆ سنووردار دەبێت و جێبەجێكردنی رێنماییەكانیش بەردەوام دەبێت، بەڵام كۆمەڵێك ئاسانكاری دەكرێت".

دەشڵێ: "دەستپێكردنەوەی دوامی قوتابخانە و فەرمانگەكان، كۆتا قۆناغی ئاساییكردنەوەی دۆخەكە دەبێت و ئەگەر دەستیش پێبكاتەوە، بۆ دەوامی فەرمانگەكان دوو سیناریۆ هەیە، ئەوانیش بریتین لەوەی یان جارێ دوابخرێت، یانیش ژمارەیەكی كەمی فەرمانبەر دەوام بكەن".

سەبارەت بە هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانیش، د. محەمەد ئەوەی خستە ڕوو: "ئێمە لەگەڵ هاتوچۆی زۆر نین و ئەگەر هەشبێت پێویستە سنووردار بكرێت و تەنها بۆ كاری زۆر پێویست بێت".

 

بڵند ئیبراهیم