هەولێر-KDP.info- دەستەی وەبەرھێنان سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی كێشەی پڕۆژەكانی وەبەرھێنانە و زۆربەی ئەو پڕۆژانەش كە پێشتر مۆڵەتیان ھەبووە، دەستبەكار بوونە، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێریش دهڵێ، تەنیا هەفتەی رابردوو مۆڵەتی سێ پڕۆژە ھەڵوەشێندراونەتەوە.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو پڕۆژانەی وەبەرھێنان كە مۆڵەتیان پێ دراوە و دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی دەستبەكار نەبوونە، مۆڵەتەكانیان ھەڵدەوەشێنینەوە، بەڵام بەشێكیان دەستبەكار بوونەتەوە و تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردووشدا مۆڵەتی سێ پڕۆژە ھەڵوەشێندراوەتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر گوتیشی: "لە ھەولێر ١٥ پڕۆژە ماوەی یاساییان بەرەو تەواوبوونە و ئەوانیش ھەڵدەوەشێندرێنەوە، هەروەها نزیكەی ٤٠ مۆڵەتی وەبەرھێنانیش دەستیان بە كار كردووەتەوە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانیان".
قائید میرۆ