هەولێر-KDP.info- لە ژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی وەزیری كارەبا، هێڵی كارەبای خەبات - زەنگەنان لە ئاكرێ دەكرێتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی كارەباش دەڵێت، پارێزگای دهۆك دەتوانێت تەواوی بەشەكارەبای خۆی بە دەست بگات و، ئەم پڕۆژەیەش ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت لە پێشخستنی ژێرخانی گواستنەوەی كارەبا لە نێوان پارێزگاكانی كوردستاندا.
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئومێد ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەیانی ۲۳ـی ۱۲ـی ۲۰۱۹لە مەراسیمێكدا لە ژێر چاودێریی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و، فەرهاد ئەترووشی، پارێزگاری دهۆك، هێڵی كارەبای خەبات – زەنگەنان لە ئاكرێ دەكرێتەوە، كە وێستگەی 132 كەی ڤیی ئاكرێ دەبێت، ئەم پڕۆژەیەش بە درێژایی 33 كیلۆمەتر هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزە و 104 تاوەری بەرز لە خۆ دەگرێت و لەلایەن كۆمپانیای هێرۆوە بە تێچوونی 7 ملیۆن و 425 هەزار دۆلار لە ماوەی 120 رۆژدا تەواو بووە، واتە پێش وادەی دیاریكراوی خۆی پڕۆژەكە بە سەركەوتوویی ئەنجام دراوە."
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا گوتیشی: "پارێزگای دهۆك دەتوانێت تەواوی بەشەكارەبای خۆی بە دەست بگات و، ئەم پڕۆژەیەش ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت لە پێشخستنی ژێرخانی گواستنەوەی كارەبا لە نێوان پارێزگاكانی كوردستاندا."
فایزە كۆیی