شنگال.. پێویستە رێگری لە داعش بكرێت پێش ئەوەی كارەسات دروست بێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-25 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

شنگال-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی شنگال رایدەگەیەنێت، جموجۆڵی داعش لە سنووری شنگال بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و زانیاری هەیە 300 داعش لە سووریاوە دزەیان كردووەتە سنوورەكە، بۆیە پێویستە پێش دروستبوونی كارەسات، رێگرییان لێ بكرێت.

مەحما خەلیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لایەنە پەیوەندیدارەكانمان ئاگادار كردۆتەوە كە مەترسییەكی جیددی لەسەر شنگال هەیە و دووبارە داعش لە سنووری شنگال دەستی بە جموجۆڵ كردووە و زانیاریمان هەیە، بۆیە داوامان كردووە پێش ئەوەی هیچ روو بدات، چارەسەری ئەو دۆخەكە بكرێت و رێگری لە داعش بكرێت پێش ئەوەی بتوانن كارێك بكەن و زیاتر بەهێز ببن، چونكە داعش لە سنوری شنگال بەردەوام لە زیادبووندان".

خەلیل گوتیشی: "زانیاریمان هەیە كە 300 چەكداری داعش لە سووریاوە دزەیان كردووە بۆ ناو عێراق و سنووری شنگال و مووسڵ، بۆیە پێویستە سنوورەكان باشتر كۆنتڕۆڵ بكرێن و ئەو پرسە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بە جیددی وەربگیرێت، چونكە پێشتریش بە باشی پاك نەكرابووەوە، بۆیە پێویستە پێش ئەوەی كارەسات دروست بێت، رێگری لە داعش بكرێت".

 

بڵند ئیبراهیم