دڕێبوار بابكه‌یی: عێراق چاوی بڕیوەتە غازی سروشتیی هه‌رێم

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-25 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info-  ئه‌ندامی لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتییه‌كانی ‌په‌رله‌مانی كوردستان گوتی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ غازی سروشتی و چه‌ندین وڵات چاویان بڕیوه‌ته‌ غازی هه‌رێم، له‌وانه‌ عێراق و توركیا، بۆیه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم پلانی داناوه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی نه‌وت، غازی سروشتی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات و بیكاته‌ داهاتێكی دیكه و‌ به‌مه‌ش، ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وتیش دابه‌زێت كه‌متر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دۆخی ئابووریی هه‌رێم ده‌بێت و بڕیاریشه‌ شاندێكی ته‌كنیكی له‌بارەی غازی سروشتییەوە سه‌ردانی به‌غدا بكات، چونكه‌ عێراقیش داوای كردووه‌ سود له‌ غازی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرێت."

ئه‌ندامی لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كان له ‌په‌رله‌مانی كوردستان، د. ڕێبوار بابكه‌یی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای سه‌ردانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌ر كراوه، له‌وانه‌ غازی هه‌رێمی كوردستان و كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان و، هه‌رێمی كوردستان بێ به‌رامبه‌ر كاره‌با بۆ كه‌ركووك دابین ده‌كات و مافی خۆیه‌تی پاره‌ له‌ حكوومه‌تی عێراق وه‌رگرێت، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان گازوایل بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با دابین ده‌كات و پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرێت، بۆیه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌."

د. ڕێبوار بابكه‌یی گوتیشی: "باسی غازی سروشتیی هه‌رێمیش كراوه‌ و بڕیاره‌ وه‌فدێكی ته‌كنیكی سه‌ردانی به‌غدا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی غازی سروشتیی هه‌رێمی كوردستان بۆ چ سێكته‌رێك به‌كار بهێندرێت، بۆ كاره‌با یان هه‌ر سێكته‌رێكی دیكه‌ و هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر چی غاز بداته‌ به‌غدا، له‌ به‌رامبه‌ر مووچه‌یه‌، یان شتی دیكه‌، ئه‌مه‌ش پێویستی به ‌گفتوگۆ هه‌یه‌."

بابكه‌یی باسی له‌وه‌ش كرد: "هه‌رێمی كوردستان زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ غازی سروشتی و حكوومه‌تی هه‌رێم سیاسه‌تی ئه‌وه‌یه‌ غازیش ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات و سیاسه‌تی ناردنی غاز له ‌نه‌وت جیاوازه‌ و نرخیشی جیاوازه‌ و كه‌متر ده‌كه‌وێته‌ ژێر باری سیاسی، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا سیاسه‌ت به‌ نه‌وت ده‌كرێت، بۆیه‌ نرخی غاز به‌رده‌وام جێگیره‌ و توركیا به‌رده‌وام داوای غازی هه‌رێم ده‌كات بۆ ئەوەی بیکڕێت و سوودی لێ وه‌رگرێت، ئه‌وه‌ش باشتره‌، چونكه‌ توركیا له‌ وڵاتانی دیكه‌ نزیكتره‌ له‌ هه‌رێم، بۆیه‌ هه‌رێم ده‌توانێ غازیش هاوشێوه‌ی نه‌وت بكاته‌ داهاتی دیكه‌ بۆ خۆی، به‌مه‌ش ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وتیش دابه‌زی كه‌متر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئابووریی هه‌رێمی كوردستان دەبێت."

گوتیشی: "گرنگه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رجاوه‌كانی داهاتی بكاته‌ جۆراوجۆر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر داهاتێكیش هه‌بێت، ئه‌وكات تووشی قه‌یران نه‌بێت، وه‌كو نه‌وت و غاز و كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار‌."

بڵند ئیبراهیم