ڕۆژبەیانی: پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ڕەوشەکە لەدەست دەردەچێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-25 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان ڕەوشەکە لەدەست دەردەچێت، ھاوکات جەختی لەوە کردەوە، تا دێت مەترسی لەسەر ئەو ناوچانە زیاتر دەبێت.


جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ماوەیەکە داعش بەئاشکرا کردەوەی تیرۆرستی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات و پێمان وایە پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ڕەوشەکە لەدەست کورد و پێشمەرگەش دەردەچێت، چونکە لەوەتای ئەمەریکا خۆی کشاندووەتەوە، جووڵەی داعش زیادی کردووە."

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت: "ئەو ھێزە ئەمنی و سەربازیانەی لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی وەک دەشتی نەینەوا و خانەقینن، نەک توانای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنیی ئەو ناوچانەیان نییە، بەڵکو گومان ھەیە وەی کە ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان چاوپۆشی لە جووڵەی چەکدارانی داعش دەکەن."

ڕۆژبەیانی جەختی کردەوە: "سبەی شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆ دەبێتەوە، لەوێ پرسیاری ئەوە دەکەین، بزانین لە دانوستانەکان چی لەبارەی ناوچە کوردستانییەکان دەست کەوتووە، چونکە یەکێک لە تەوەرەکانی دانوستانی نێوان ھەرێم و بەغدا پرسی ناوچە کوردستانییەکانە."
قائید میرۆ