سبەی کۆمیسیۆن تیروپشک بۆ بەشداربووانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات

دوا نوێکردنەوە: 2024-04-07 19:00:03 - سەرچاوە: کەناڵ8

بڕیارە سبەی کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق تیروپشک بۆ پێدانى ژمارە بە لیست، هاوپەیمانێتى و بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات. محەمەد یونس، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، تیروپشک بۆ پێدانى ژمارە بە لیست و هاوپەیمانێتى و بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت و هیچ نیازێک بۆ دواخستنى نییە. بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە بڕیارە 10ـی حوزەیرانى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دوو هاوپەیمانى، 10 حیزب و 54 بەربژێرى سەربەخۆ ناوى خۆیان تۆمارکردووە. کۆى بەربژێرەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان 886 کەسن، 609 بەربژێری نێر و 277 بەربژێری مێ.