وەزارەتی ئاوەدانكردەوە: پڕۆژەكانمان رانەگیراون و بڕیارە ھەموویان تەواو بكرێن

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ژمارەیەك پڕۆژە لە ھەردوو كەرتی  رێگاوبان و نیشتەجێكردن لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنەوە جێبەجێ دەكرێن و، گوتەبێژی وەزارەتەكەش دەڵێ: "لەگەڵ ئاساییبوونەوەی رەوشەكە، بەردەوام دەبین لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانمان".

مەریوان مەلاحەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەریی كردووەتە سەر ژیان و لە ھەرێمی كوردستانیش قەدەغەی ھاتوچۆ راگەیەندرا، بەڵام وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ھیچ بڕیاری نەداوە بۆ راگرتنی پڕۆژەكانی ھەردوو بواری نیشتەجێبوون و رێگاوبان، تەنیا ئەوە نەبێت لە رۆژانی قەدەغەی ھاتوچۆ تیمەكانمان نەیانتوانی بگەنە سەر كار".

مەلاحەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەگەڵ ئاساییبوونەوەی رەوشەكە، ئێمەیش لە وەزارەت بەردەوام دەبین لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، بە تایبەتی ئەو پڕۆژانەی ستراتیژین لە بواری رێگاوبان، یان ھەندێ پڕۆژە ھەن لە قۆناغی كۆتاییدان، لەبەر ئەوەش بڕیارە ھەموو پڕۆژەكانمان تەواو بكرێن و بكەونە خزمەت ھاووڵاتیانەوە".

 

قائید میرۆ