وەزارەتی ئەوقاف: ناكرێ هیچ پارێزگایەك تاكلایەنە بڕیاری كردنەوەی مزگەوتەكان بدات

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، ناكرێت هیچ پارێزگایەك تاكلایەنە بڕیاری كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان بدات و، پێویستە ئەگەر بڕیار درا سەرجەم مزگەوتەكان پێكەوە بكرێنەوە. دەشڵێ، بڕیارە پێش سەری مانگ، حكوومەت كۆببێتەوە و بڕیار لەو بارەیەوە بدات.

نەبەز ئیسماعیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بۆ كردنەوەی مزگەوتەكان پشت بە بڕیاری حكوومەت دەبەستین و كارەكەش بۆ لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، هەروەها ئێمەش پێشنیازی خۆمان داوەتە حكوومەت و ئەوانیش باسیان لەوە كردووە تا سەری مانگ ئەگەر دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە، مزگەوت و شوێنە ئایینییەكانی دیكە دەكرێنەوە، بۆیە ناتوانین پێشوەختە بڕیار بدەین و پابەندی بڕیارەكانی حكوومەتین و ناكرێت پارێزگایەك تاكلایەنە بڕیاری كردنەوەی مزگەوتەكان بدات".

ئیسماعیل گوتیشی: "وەزارەتی ئەوقاف زۆر بەپەرۆشە بۆ كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان، بەڵام ئەگەر لەناكاو چەند حاڵەتێك روو بدات، ئەوكات ڕەنگە دۆخەكە گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، بۆیە حكوومەت پێش سەری مانگ كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و ئەوكات بڕیار دەدات، هەر بڕیارێكیش بدات، ئێمە پابەندی بڕیارەكە دەبین، چونكە سەلامەتیی خەڵك لای ئێمە لە هەموو شتێك گرنگترە و ناكرێت لە مزگەوتێك نەخۆشییەكە بڵاو ببێتەوە، چونكە دواتر دۆخەكە خراپتر دەبێت، بۆیە هەر بڕیارێك لە بەرژەوەندیی خەڵك بێت، ئێمەش پێیەوە پابەند دەبین".

 

بڵند ئیبراهیم