هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند، ئەوەی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات گوشارێکی سیاسیی شیعەکانە.
پێشەوا هەورامانی، ئەندامی لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی ئێستا بەغدا لەڕێی کابینەیەکی دەستلەکارکێشاوەوە داوای دەکات، ڕادەستکردنی هەموو نەوتی هەرێمە لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆ، ئینجا ئەوان ئامادەن تەنیا مووچەی نیوەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن."
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ٧ و ٨ و ٩ی 2019، هەنگاوی باشی نا بۆ ڕێککەوتن لەگەل بەغدا، چەندین یادداشت و پێشنیار ئاڵوگۆر کران و لێکنزیکبوونەوەی باش هەبوو، حکومەتی هەرێم ئامادە بوو بڕی دووسەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عێراق بکات و بەغداش لە بەرامبەردا بڕی نۆسەد هەزار دۆلار بۆ هەرێم بنێرێت. بەڵام تێکچوونی دۆخی بەغدا و لە کۆتاییشدا دەستلەکارکێشانەوەی کابینەی عادل عەبدولمەهدی ئەو هەوڵانەی پەک خست.
پێشەوا هەورامی ڕایشیگەیاند: "کابینەی نۆیەم تەنیا ٩ مانگە کار دەکات و لەم ماوەیەشدا، ٨ مووچەی داوە و تەنیا مووچەی مانگی نیسانی لاماوە، لە کاتێکدا پاشەکەوت کراوە. کەواتە دروست نییە کە بگوترێ کابینەی نۆیەم، ئەمساڵ هیچ مووچەیەکی نەداوە. چونکە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٨ تەنیا ٩ مانگ مووچە دراوە، بەڵام لە سالی ٢٠١٩ هەموو مانگێک مووچە دراوە، ئەمساڵیش سێ مانگ مووچە دراوە."
حکوومەت لە ڕێگەی چاکسازییەوە توانی لە ماوەی پێنج مانگدا داهاتی ناوخۆی هەرێم لە سەد و چل ملیۆن دۆلارەوە بگەیەنێتە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام دوای کێشەی کۆرۆنا و ڕاگرتنی زۆرێک لە کارەکان ئەم داهاتە بۆ پەنجا ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد: نرخی نەوت ئێستا بە ڕادەیەک دابەزیوە کە بەزیان دەفرۆشرێت. نەک هەر هەرێم بۆ چەند مانگی داهاتوو، بەڵکو عێراقیش تووشی کێشەی گەورەی دارایی دەبێتەوە، ئەگەر نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە."
بەغدا لە سالی ٢٠١٩ تا مانگی ڕابردوو، بۆ هەر مانگێک بودجەی دیاریکراوی بۆ هەرێم، بە قەبارەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ ڕۆژێک بە نرخی ٦١ دۆلار بڕیوە. واتا ڕاست نییە کە نەوت ڕادەست نەکراوە و بودجەش وەک خۆی هاتبێت، جگە لەمە هیچ کات نەوت بە ٦۱ دۆلار نەبووە.
ئەو بڕەی کە هاتووە تەنیا بەشی موچەی نیوەی فەرمانبەرانی هەرێم بووە کە دەکاتە ٣٨٣ ملیۆن دۆلار لە کاتێکدا کۆی مووچەی هەرێم مانگانە ٧٥٥ ملیۆن دۆلارە. کە حکوومەتی هەرێم مانگانە بڕی ٣٧٢ ملیۆن دۆلاری خستووەتە سەر تا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات.
نـاوبـراو ڕوونیشی کردەوە: ئەمەی ئێستا عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات گوشارێکی سیاسیی شیعەکانە. ئەوان هەرکاتێک بۆیان بكرێت و گونجاو بێت ئامادەن سزای خەڵکی کوردستان بدەن، گرنگ نییە سەرۆکوەزیرانیان هەبێت، یان نەیانبێت، کێشەیان هەبێ، یان نەیانبێت، لە هەموو دۆخێکدا بیریان لای ئەوە هەیە خەڵکی کوردستان سزا بدەن و سزاکەش سیاسییە و پاڵپشتیی ناوخۆیی هەیە."
هۆزان سەمەد