حکوومەتی هەرێم پێشوازی لە راپۆرتی بڕیاردەرێکی تایبەتی یوئێن دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ 26/4/2020 د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا تیشكی خستە سەر چەند ڕاپۆرتێكی لایەنە نێودەوڵەتییەكان و ئەندامیەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لیژنەی هەماهەنگیكار لەگەڵ تیمی یۆنیتاد، چەند كەیسێكی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان، قەبارەی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ عێراق و هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، كەمكردنەوەی هاوكارییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و دەوڵەتان بۆ ئاوارە و پەنابەران و چەند كەیسێكی دیكە.

لە سەرەتای كۆنگرەكەدا ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان تیشكی خستە سەر ڕاپۆرتی خاتوو سیسیلیا خیمینێز، بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان و گوتی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ڕاپۆرتی خاتو سیسیلیا خیمینێز بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان دەكەین، ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان، چونكە ناكرێ وەك كەیسێكی كاتی مامەڵە لەگەڵ ئاوارە ناوخۆییەكاندا بكرێ و پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات.

زێباری هەروەها گوتی: بەپێی دوایین داتا و سەرژمێری نووسینگەی ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) تا ئێستا (165,000) ڕاگوێزراو لەو کەمپانەدا دەژین کە حکوومەتی هەرێم دابینی کردوون، لەوانە (135،399) لە دهۆک و (15،981) لە هەولێر و (13,620) لە سلێمانی، هەروەها لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم ژمارەیەکی زۆری ڕاگوێزراو لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین، لەوانە (190,000) لە دهۆک و (170,000) لە هەولێر و (120,000) لە سلێمانی. لەلایەکی دیکەوە، نزیکەی (21,000) ڕاگوێزراو لە کەمپە نافەرمییەکاندا دەژین. حکوومەتی هەرێم (70%) و نەتەوە یەکگرتووەکان (25%) ی و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تریش (5%)ی پێداویستییەکانیان دابین دەکەن.

لەبارەى ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و قەبارەی ئەو هاوكارییە نێودەوڵەتییانەى کە پێشکەش بە عێراق و هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا کران، د. دیندار زێباری گوتی: دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی چین و دواتر بۆ چەند وڵاتێكی دیكە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بابەتەكەی بە هەند وەرگرت و لەسەر سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران گرنگییەكی زۆری پێ درا، دوای ئەوەی چەند حاڵەتێكی نەخۆشییەكی لە وڵاتی ئێرانی تۆمار كران، وەك یەكەم هەنگاو بە فەرمانی بەڕێز سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی کراوە بۆ ڕووبەڕبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخان كرد و لە ڕۆژی 26/2/2020 دەوامی قوتابخانەكانی بۆ ماوەی مانگێك داخست، دواتر دەوامی زانكۆ و پەیمانگاكانی لە سەرتاسەری هەرێم داخست و كاتژمێرەكانی دەوامی ئاساییی فەرمانبەرانی كەم كردەوە، هەروەها ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیانی لە چەند فەرمانگەیەك ڕاگرت كە ئەگەری قەرەباڵغی و بەركەوتنی هاووڵاتیانی تێدا زۆرە. هەروەها گوتی: ئەم ڕێكارانەی كە لە هەرێمی كوردستان گیرانە بەر مایەی دەستخۆشی و ستایشی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتان بوو، چونكە هەر زوو حكوومەتی هەرێم لە فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان ڕێوشوێنی توند ئەنجام دران بۆ پشكنینی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، لەوانە كەرەنتینەكردنی 2,000 كەس كە لە ئێرانەوە گەڕابوونەوە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی 14 ڕۆژ، هەروەها دەست كرا بە ڕێوشوێنی یاسایی و گەڕان بەدوای ئەو كەسانەی كە گومان دەكرێت لە دەرەوەی خاڵە سنوورییە فەرمییەكانەوە هاتبنەوە هەرێمی هەرێم و پشكنینیان ئەنجام نەدابێت بۆ ئەوەی كەرەنتینە نەكرێن. بەگشتی ڕێكارەكان دڵخۆشكەرن و ئەگەر هاووڵاتیان زیاتر پابەندی ڕێنماییەكان بن ئەوا ئەم قۆناغە بە سەركەوتوویی و كەمترین زیان تێ دەپەڕێنین.

لەبارەی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دیندار زێباری ڕایگەیاند: لیژنەیەكی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان پێك هات بە سەرپەرشتیی بەڕێز سەرۆكی حكوومەت، ئەم لیژنەیە بەردەوامە لە ئەنجامدانی كارەكانی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بۆ ئەم مەبەستەش لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی فیدراڵ و لایەنە نێودەوڵەتییەكان بۆ یارمەتیدانی هەرێم، لەم ڕووەوە حكوومەتی چین لە ڕێگای كونسووڵخانەی گشتیی خۆیەوە لە هەولێر یارمەتیی پێشكەش بە هەرێم كردووە، كە پێك دێت لە كەرەستە و كەلوپەلی پزیشكیی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، لە 25/3/2020 نەتەوە یەكگرتووەكان پلانێكی مرۆییی ڕاگەیاند بە بڕی (2) ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی وڵاتە هەژارەكان، لەوانەش عێراق، حکوومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا بڕی (15.5) ملیۆن دۆلاری پێشكەش بە عێراق كرد، حکوومەتی ژاپۆن بڕی (41) ملیۆن دۆلاری پێشكەش بە حکوومەتی عێراق كردووە، پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی هۆڵەندا، بەلجیكا و سوید بڕی (5) ملیۆن دۆلاری پێشكەش بە حکوومەتی عێراق كردووە، كۆمیسۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران هاوكاریی ماددیی پێشكەش بە (110,000) خێزان كە دەكاتە (550,000) پەنابەر و ئاوارە كرد، ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی به‌ بڕی نزیكه‌ی (500) هەزار دۆلار پێداویستیی پزیشكی و پێداویستیی خۆپارێزیی تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنای پێشکەشی هەرێم کرد، ڕێكخراوی سیبیرت ئۆف ئەمەریکا لە ڕێگای كونسووڵخانەی  گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر بڕی (18,000) دۆلاری پێشكەش بە وەزارەتی پێشمەرگە كرد بۆ دابینكردنی كەلوپەلی خۆپارێزی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و چەندین هاوکاریی ترى مرۆیی لەلایەن چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی لەوانەش (ICRC، IOM، Free Burma Rangers، و چەندین ڕێکخراوی تر). لەبارەى هاوکاریی ڕێکخراوە ناوخوییەکان د. دیندار زێباری گوتی: لەلایەن چەندین ڕێکخراوێکەوە هاوکارییەکی یەکجار زۆر پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کرا و لەوانە: دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە پڕۆژەی هێڵی گەرمی هاوکاریی خۆراکی خستە كار و توانرا هاوكاری پێشكەش بە (25,234) خێزان بكرێت و چەندین چالاکیی تر، دەزگای ڕوانگە هەڵمەتێکی به‌رفراوانی دەست پێ کرد بۆ دابینکردنی خۆراك بۆ ئەو خێزانانەی پێویستیان بە هاوکارییە لە سەرتاسەی هەرێمی کوردستان و ڕێكخراوی ڕۆژگاری كورد بۆ هاوكاریی مرۆیی هەستا بە دابەشكردنی زیاتر لە 2,100 سەبەتە و 250 بۆکس خۆراك بەسەر خێزانە هەژارەکانی شاری هەولێر و دەوروبەری و چەندین ڕێکخراوى تر. زێباری ئەوەیشی خستە ڕوو کە لەو كاتەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو بۆتەوە کۆی گشتیی پارەی خەرجکراو لەلایەن حکوومەتی  هەرێمی کوردستان (بەو پارەیەی لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراقیشەوە هاتووە) بۆ هەر دوو مانگی ئادار و نیسان بریتییە لە (17,390,162,100) حەڤدە ملیار و سێسەد و نەوەد ملیۆن دینار و سەد و شەست و دوو هەزار و سەد دینار.

زێباری تیشكی خستە سەر كەیسی دەستگیركردنی ھێمن مامەند و گوتی: هێمن مامەند لە ڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بە بڵاوكردنەوەی زانیاریی نادروست وەك بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەندیخانەكانی كوردستان، هەروەها هانی خەڵكی داوە بۆ ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بشكێنن، بۆیە داواكاری گشتیی هەرێم سكاڵای دژی ناوبراو تۆمار كردووە، دادگا فەرمانی دەستگیركردنی دەركردووە و ڕێكارەكانی دەستگیركردنیشی بەپێی یاسا بووە لە هەمان كاتدا وەك هەر دەستگیركراوێكی دیكە گشت مافێكی هەیە وەك بوونی پارێزەر، كەسانی دیكەش هەن لە دەرەوەی هەرێم دەژین بە هەمان شێوە ڕێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر هەركاتێك بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.

دوای ئەوەی ڕۆژی 5/4/2020 بە كەفالەت ئازاد كرا، ڕاستەوخۆ لە ڕێگای دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە چەند وشەیەكی ناشیاوی ئاراستەی هێزەكانی پۆلیس کرد، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر سكاڵای یاساییی دژی بەرز كردەوە و بە جنێودان و ناوزڕاندن تۆمەتباری كرد، ئێستا ناوبراو بەپێی ماددەكانی (433، 434) لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرا كراوە.

لەبارەی كەیسی مستەفا سەلیمی و عەدنان ڕەشیدی زێباری گوتی: بەپێی دەستووری عیراقی ڕادەستكردنەوە ڕێگەپێدراو نییە و ئەگەر كەسێكیش ڕادەست بكرێتەوە دەبێ بە ئاگاداریی هەردوو حکوومەت و بەپێی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان بێت و پێشتریش شتی وا لە عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان كراوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بۆ كەیسی سیاسی ڕێگەپێدراو نییە.  دوای پشكنین و وردبوونەوە لە تۆماری داتای بەردەستی ئاسایشی سلێمانی و نشینگە و دەروازە سنوورییەكان هاتنی هیچ كەسێك بە ناوی (مستەفا سەلیمی) تۆمار نەكراوە. سەبارەت بە  عەدنان ڕەشیدی لە شارۆچكەی پێنجوین لە ڕۆژی 17-3-2020 سكاڵای لەسەر دوو كەسی نادیار تۆمار كرد و بە دەستدرێژیكردن و ئەشكەنجەدان تۆمەتباری كردن، ڕۆژی 27-3-2020 توانرا تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر بکرێ و تۆمەتباری دووەمی ڕووداوەکەی ئاشكرا كرد, ئێستا تۆمه‌تباران به‌پێی‌ مادده‌كانی‌ (421)و (405-31) له ‌یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراون.

لەبارەی هەماهەنگی لەگەڵ یۆنیتاد ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان گوتی: حکوومەتی هەرێم لە ڕێگای ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە ئەندامە لە تیمی نیشتمانیی عێراق تایبەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ تیمی (یۆنیتاد)، ئەم تیمە بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ لێپیچینه‌وه‌ له‌ تاوانەکانی داعش (یۆنیتاد) بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (2379)ی ساڵی 2017 بە سەرۆکایەتیی کەریم ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە بە مەبەستی بەدیکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، تیمی ناوبراو لە 107 پسپۆڕ و شارەزای نێودەوڵەتی پێک هاتووە و دەستی بە کارەکانی کردووە. بڕیار وایە تیمێکی لێکۆڵەرانی عێراقی دابمەزرێت بۆ یارمەتیدانی (یۆنیتاد) لە کارەکانی لێکۆڵینەوە و لەسەر ئاستی حکوومەتی هەرێمیش لیژنەی لاوەکی دامەزراوە، ئێمە لە گشت كۆبوونەوە و چالاكییەكانی تیمی ناوبراو ئامادەین، هەروەها حکوومەتی هەرێم ناوی ژمارەیەك دادوەری پێشكەش كردووە، وەك پسپۆری نیشتمانی لەو لیژنەیە و لیستێكی پێشكەش كردووە بە پێداویستییەكانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم بۆ مەبەستی ئەرشیفكردنی بەڵگەنامەكان.

ڕووداوی دەستدرێژیكردنە سەر ئافرەتێك لە پردێ بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان بوو و لەم بارەیەوە گوتی: حکوومەتی هەرێمی بەتوندی ئیدانەی ئەم ڕەفتارە نامرۆڤانە و وەحشیگەرانە دەكات كە دوور لە هەموو پرەنسیپە نێودەوڵەتی و مرۆییەكان دژی كەسێك ئەنجام دراوە كە دووچاری نەخۆشیی دەروونی هاتووە، ئێستا لەنێو كۆمەڵگای كوردستانیدا وەك كەیسێكی ڕای گشتی سەیر دەكرێت، بۆیە پێویستە لەم ڕووەوە یاسا ڕێڕەوی خۆی بگرێت، تا ئێستا چەندین لیژنەی تایبەت بەم كەیسە پێك هێنراون كە پێویستە بە بێلایەنانە ئەركی خۆیان ئەنجام بدەن و پێویستە ئەنجامدەرانی بە توندترین شێوەی سزا بدرێن.

زێباری ئەوەشی خستە ڕوو كە هەر دواكەوتن و خۆدزینەوەیەك لە هەر لایەنێكەوە بێت كاریگەرییەكی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناكۆكی و دووبەرەكیی زیاتری تائیفی و نەتەوەیی لەو ناوچانەدا كە خۆیان بە دەست چەندین گرفتی دیكەوە دەناڵێنن.

لە كۆتاییی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا دیندار زێباری ئاماژەی بە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان کرد و گوتی:

ڕۆژی 21/4/2020 ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ) ڕاپۆرتێكی بەناوی (سزای لەسێدارەدان لە ساڵی 2019: ژمارە و ڕاستی)، حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕاپۆرتەكە دەكات.

ساڵی 2014 لە ھەرێمی کوردستان 25 حاڵەت ھەبووە کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە ساڵی 2017دا لە (34) كەس بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەڵام جێبەجێ نەكرا، هەروەها لە ساڵی (2019) بە تۆمەتی جیاجیا (45) حوکمی لەسێدارەیان بۆ دەرچووە بێ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، هەروەها (13) کەیس لە سزای لەسێدارەدان سزاکانیان سووک کراوە.