رووسیا: دەرگامان بۆ هاریکارییە سەربازییەکان لەگەڵ عێراق کراوەیە

دوا نوێکردنەوە: 2024-04-21 01:00:03 - سەرچاوە: کەناڵ8

باڵیۆزی رووسیا لە عێراق رایگەیاند، دەرگایان بۆ هاریکارییە سەربازییەکان لەگەڵ عێراق کراوەیە. ئێلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق دوای بەشداریکردنی لە پێشانگەیەکی سەربازی لەشاری بەغداد، رایگەیاند، عێراق و رووسیا پەیوەندییەکی چالاکیان لە بواری سەربازی و هاوکاریی تەکنیکیدا هەیە، عێراق سوودمەندبووە لە چەک و جبەخانە سەربازییەکانى رووسیا. ئاماژەى بەوەشکرد، خواستێکی هاوبەش هەیە بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییەکان لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی پەیوەندییەکانى نێوانیان. مێژووی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ رووسیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەدواى ساڵى 2003ـەوە، رووسیا خاوەنی چەندین کۆمپانیای نەوتییە کە لە عێراق و هەرێمى کوردستان کاردەکەن.