هەولێر -KDP.info- سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، یهكشهممه ٢٦/٤/٢٠٢٠، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هێمن هەورامی، جیگری سەرۆکی پەرلەمان و ئامادەبوونی مونا نەبی قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان و سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازییان لە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە تەلاری پەرلەمان بەڕێوە چوو، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وێڕای بەخێرهێنانى شاندی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان، سوپاس و ستایشی پەرلەمانی کوردستانی بە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرجەم تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەکان گهیاند، کە لە ماوەی رابردوودا لە چوارچێوەی ئەو توانا ئیدارییە سنووردارانەی کە هەیانبووە توانییان زۆر لەخۆبووردووانە رووبهڕووی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە، کە هاوکات کۆمەڵێک لێکەوتەی نەرێنیی بۆ هەرێمی کوردستان لێ کەوتەوە. هەروەها دەستخۆشیی لە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەو سەردانەیان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لەسەر پرسی بودجە و نەوت و غاز و کارەبا. لەم بارەیەوه هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە شاندی حکوومەتی هەرێمی ڕاگەیاند: "وەکو پەرلەمانی کوردستان پشتیوانیی گرتنەبەری سیاسەتی لێکتێگەیشتن و رێکكەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ چارەسەرکرنی ئەم کێشانە دەکەین و وەرگرتنی شایستە داراییەکان بەپێویست دەزانن".
ههر له كۆبوونهوهكهدا باس له پرۆسهی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی كرا و پەرلەمانیش وهك ئهركی یاساییی خۆی چاودێری و بەدوادواچوون بۆ پرۆسهكه دەکات.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکیان خستە سەر لێکەوتە نەرێنییەکانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت کە بەهۆیەوە هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی بووەتەوە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری داراییی حكوومهتى هەرێمی کوردستان، باسی لە سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا کرد و رایگهیاند: "بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە مانگی ١٢ی ٢٠١٩ لەسەر بودجەی ساڵی 2020، هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات، بە مەرجێک حکوومەتی عێراق سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێم رەوانە بکات، ئەوەشیان بە شاندی دانوستانکاری بەغدا راگەیاندووە".
ههروهها باسى له ههوڵهكانی شاندی دانوستانكار كرد بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لهلایهن حكوومهتى بهغداوه کە لە ١٦ی ئەم مانگە بە بڕیارێک لەلایەن ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕاگیرا. لهوبارهیهوه وەزیری دارایی ئاماژهی بهوه دا کە نووسراوێکی فەرمییان گەیاندووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ ئەوەی رەزامەندی بدەن لەسەر ناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و هیوای خواست کە بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی داواکاریی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە.
هاوکات شاندی دانوستانکار کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە بابەتی بودجەی هەرێمی کوردستان بەسیاسی کراوە و هەوڵێکە بۆ بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان نیەتپاکی و هەموو هاوئاهەنگییەکی بۆ ئەم مەبەستە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا خستووەتە ڕوو.
پاشان لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان کە لە ڕێگەیانەوە مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین دەکرێت و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی شاندەکەوە، وەڵامی پێویستییان درایەوە.
لە بەشێکی دیكهی كۆبوونهوهكهدا شاندی دانوستکاری حکوومەتی هەرێم بە پەرلەمانیان ڕاگەیاند: "حکوومەتی هەرێم وەکو یەک تیم ڕووبەڕووی هەموو قەیران و ناحۆشییەکان دەبینەوە و پێداگری دەکەین لە هەرشتێک کە سوودبەخش بێت و لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاندا بێت و ئەنجامی دەدەین".
دوابەدوای کۆبوونەوەکەش، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندی حکوومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خستە ڕوو.