وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی: تا ئێستاش مه‌ترسیی نه‌خۆشیی كۆرۆنا ماوه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-28 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك هیچ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشیی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار نه‌كرا، دواتر جارێكی دیكه‌ كۆمه‌ڵێك حاڵه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار كرانه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش باس له‌وه‌ ده‌كات، پێویسته‌ خه‌ڵك پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بێت و خۆیان بپارێزن، چونكه‌ هێشتا مه‌ترسیی نه‌خۆشی كۆرۆنا ماوه‌ و كۆتاییی نه‌هاتووه‌ .

د. سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تا ئێستا مه‌ترسیی نه‌خۆشیی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ر ماوه‌ و ته‌واو نه‌بووه‌ و هێشتا حاڵه‌ت تۆمار ده‌كرێن و ئێمه‌ش هه‌موو ڕێنماییه‌كمان بۆ خه‌ڵكی ڕاگه‌یاندووه‌ و پێویسته‌ پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن و خۆیان بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و نه‌خشەیه‌ پارێزراو بن."

د. سامان به‌رزنجی گوتیشی: "پێویسته‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان خۆیان به‌دوور بگرن له‌ قه‌ڵه‌باڵغی و ناكرێت قه‌ڵه‌باڵغی دروست بكه‌ن، چونكه‌ مه‌ترسی دروست ده‌كات و به‌ركه‌وتن دروست ده‌بێت، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات مه‌ترسی هه‌بێت بۆ تووشبوونی خه‌ڵك به‌و نه‌خۆشییه‌."

د.محه‌مه‌د قادر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "هۆكاری دووباره‌ تۆماركردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی نه‌خۆشیی كۆرۆنا ئه‌وه‌یه‌ هێشتا نه‌خۆشییه‌كه‌ كۆتاییی نه‌هاتووه‌ و بە تۆمارنه‌كردنی هیچ حاڵه‌تێك لە هەفته‌یه‌كدا نابێت بڵێین كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ ته‌واو بووه‌، هه‌ر ماوه‌، چونكه‌ ڕه‌نگه‌ چه‌ند ڕۆژێكی دیكه‌ش تۆمار نه‌كرێن و جارێكی دیكه‌ سه‌رهه‌ڵداته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ خۆپارێزی و پابه‌ندبوون به‌ ڕێنماییه‌كان به‌رده‌وام بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتواندرێت نه‌خۆشییه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكرێت."

د. محه‌مه‌د قادر گوتیشی: "به‌هۆی دووباره‌ تۆماركردنی حاڵه‌تی نوێ گەڕه‌كی ئه‌ندازیاران و داره‌شه‌كران كه‌ره‌نتین كراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ ئه‌وەی له‌ كه‌مپی داره‌شه‌كران تووش بووه‌ تێكه‌ڵی خه‌ڵك نه‌بووه‌ و نه‌چووه‌ بۆ ناو كه‌مپ و له ‌ده‌ره‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وە."

به‌پێی دواین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ژمارەی هاووڵاتیان لە کەڕەنتینەکان (٩٠٣١) هاووڵاتی بوون، ئێستا تەنها (١٥١٢) هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە لە (٣٣) شوێنی جیاواز (٤٦٤) لە هەولێر، (٢٤٤) لە سلێمانی، (٧٥١) لە دهۆك، (٥٣) لە ڕاپەرین و، (٧٥١٩) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواوبوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتینکردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتینکراو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو لە (١٤) هاووڵاتی.

کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەیشتە (٣٥٥) تووشبوو، لە نێویاندا (٤) مردن هەیە و (٣٢٢) نەخۆش چاک بووەتەوە و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

 

بڵند ئیبراهیم