لیوا قارەمان: داعش تەراتێن دەكات.. شاندێكی سەربازیی عێراق دێتە كوردستان

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بڕیارە شاندێكی سەربازیی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا كۆببێتەوە، بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، مەبەست لە سەردانی شاندەكە، بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنییە لە هەندێك ناوچەدا.

لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری  سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شاندەكەی عێراق بە سەرۆكایەتیی جێگری فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنە ھاوبەشەكان، لیوا عەبدولئەمیر ئارولا دەبێت، چونكە ناوبراو سەرۆكی ئەو لیژنەیەی ھەماھەنگییە كە پێشتر لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا پێك ھاتبوو، رێككەوتنیش بۆ چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكان ئەنجام درابوو، كە یەكێك لە ھۆكارە سەرەكییەكانی بەھێزبوونەوەی داعش و جووڵەی چەكدارەكانیان، ھەبوونی بۆشایی ئەمنییە لە ھەندێك ناوچەدا، هاوكات بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی ھەردوو لاش ھاوڕان لەسەر ئەوەی نابێت ئەو ناوچانە وەكو بۆشایی ئەمنی بمێننەوە و داعش تەراتێنیان تێدا بكات".

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە گوتیشی: "رێككەوتنەكەی ساڵی رابردووی نێوان ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، بۆ دروستكردنی ھەماھەنگیی نێوان ھەردوولایە بە مەبەستی نەھێشتنی بۆشایی ئەمنی لە نێوان سەنگەرەكانی ھێزی  پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان".

لیوا قارەمان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە ھیچ كۆبوونەوەیەك لە نێوان ھەردوو لامان بەڕێوە نەچووە، سەردانی ئەمجارەش درێژەپێدەری كۆبوونەوەكانی ڕابردوو دەبێت، چونكە پێنج لیژنەی لاوەكی پێك ھاتبوون بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكاندا نەھێڵن".

 

قائید میرۆ