ماڵپەڕی KDP تایبەتمەندییەكانی هێڵی گەرمی شارەوانیی هەولێر بڵاو دەكاتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر، تایبەتمەندییەكانی هێڵی گەرمی شارەوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، هێڵەكە كاریگەریی زۆر دەبێت و كارئاسانیش بۆ هاووڵاتیانی سنووری هەولێر دەكات بە هەر شەش شارەوانییەكەوە.

 كرمانج دەشتەكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هێڵی (07514146642)، هێڵی گەرمی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەبێت و دانیشتووانی سنووری هەولێر بە هەموو شارەوانییەكانەوە، دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.

دەشتەكی ئاماژەی بەوەش دا، لە رێگای ئەم هێڵەوە هاووڵاتیان دەتوانن زانیاری بدەن بە حكوومەت لەبارەی سەرسەرپێچییەكان و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەر زیاد و كەمییەك و حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی، دوای پەیوەندییەكەش تیمەكانی شارەوانی رێكاری پێویست دەگرنە بەر.

ناوبراو دەشڵێ، لە رێگای ئەم هێڵەوە خزمەت بە سەردانیكەرانی شارەوانییەكانیش دەكرێت، بۆ نموونە كەسێك شوێنی شارەوانییەكان نەزانێت، یان نازانێت كارەكەی لە كۆی تەواو دەبێت و چەندی ماوە، هەموو ئەو خزمەتگوزاریانە لە رێگای هێڵەكەوە بەردەدەست دەبن.

 

هێدی كاكەیی