په‌یامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕۆژى جیهانیى كرێكاران

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر -KDP.info- بە بۆنەی یادی یەكی ئایار، ڕۆژى جیهانیی كرێكارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان و سەندیكا و ڕێكخراوەكانیان، هەروەها پیرۆزبایی لە تێكڕای كرێكارانی عێراق و جیهان به‌گشتى دەكەم.

كرێكارانی كوردستان بازووی ماندوونەناس و كاران و ڕۆڵێكی دیارى بنیادنەرانە لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا ده‌گێڕن كه‌ هەمیشە بەرچاو و جێی ڕێز و پێزانینە. لەم یادە پیرۆزەدا، ته‌واوى پشتیوانیی خۆمان بۆ ماف و داوا یاسایی و سەندیكایییە ڕەواكانیان، گوزەرانی شایستە و هەلومەرجی لەباری كاركردنی كرێكاران و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ ئەو چینە زەحمەتكێشە و تەواوی خەڵكی كوردستان، دووپات دەكەینەوە.

هیوادارین وڵاتەكەمان و جیهان هەرچی زووترە لە قەیران و كێشه‌كانى ده‌رهاویشته‌ى په‌تاى كۆرۆنا دەرباز ببن كە بەداخەوە كاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ژیانی هەمووان و بەتایبەتى كرێكاران و ڕەنجدەران دروست كردوە، بەو ئومێدەی ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی باشتردا ئەم یادە بكەینەوە.

ڕۆژى جیهانیى كرێكاران له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

1/5/2020