مووسڵ-KDP.info- سەرەڕای رزگاركردنی شاری مووسڵ لە دەست تیرۆریستانی داعش، بەڵام كوردانی دانیشتووی ئەو پارێزگایە ئامادەی گەڕانەوە نین، بەرپرسێكی پارتیش دهڵێ، ھەندێ لایەن بە پیلان كار بۆ لاوازكردنی پێگەی كورد لە مووسڵ دەكەن.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەر لە كۆنەوە كورد لە سەنتەری شاری مووسڵ نیشتەجێ بووە و رێژەیەكی زۆری دانیشتووانی مووسڵی پێك دەھێنا، بەڵام لە ئێستادا رێژەی كورد لەنێو سەنتەری شاری مووسڵ لە ٢% تێپەڕ ناكات، ئەوەش بۆ دژایەتیكردنی كورد دەگەڕێتەوە لە مووسڵ".
دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، بە ھۆی كردەوەی تیرۆریستی و ھەڕەشەكردن لە كوردانی مووسڵ، ژمارەیەكی بەرچاوی كورد و پێكھاتەكانی دیكەی وەك كریستیان ناچار كران مووسڵ بەجێ بهێڵن، بەڵام لەگەڵ ھێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش، كوردەكان بە یەكجاری شارەكەیان چۆڵ كرد.
پەیوەست بە ھۆكاری نەگەڕانەوەی كورد لە دوای شەڕی داعش، بەرپرسەكەی پارتی لە مووسڵ دەڵێت: "ئێستاش بە چاوی ھاووڵاتیی پلە دوو سەیری كورد دەكرێت لە مووسڵ و ھەندێ لایەنی سیاسییش بە پیلان كار بۆ ئەوە دەكەن كورد نەگەڕێنەوە مووسڵ".
خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە وەك پارتی ھەوڵی زۆرمان داوە كوردانی مووسڵ بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، تا لە پاشەڕۆژدا كاریگەری لەسەر رێژەی كورد و پشكی كورد نەبێت، بەڵام ھاووڵاتیانی كورد باوەڕیان بەو ھێزە ئەمنی و سەربازیانەی مووسڵ نییە و ئامادەی گەڕانەوە نین".
لەبارەی كاریگەریی كەمبوونەوەی رێژەی كورد لە مووسڵ، عەلی خەلیل جەختی كردەوە: "پێویستە كورد بگەڕێنەوە بۆ شارەكە و ئێمەش وەك پارتی دەبێ بەرەنگاری پیلانی سڕینەوەی كورد لە مووسڵ ببینەوە".
قائید میرۆ