"داعش ژمارەیەك چەكداری حەشدی كوشت"

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

دیالە-KDP.info- بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە پارێزگای دیالە بە ھۆی ھێرشی داعش بۆ سەر حەشدی شەعبی، ژمارەیەك چەكداری حەشد كوژران و شارەزایەكی سەربازییش دەڵێ، داعش ھێشتا لە عێراق بەھێزە.

شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش لە پارێزگای سەڵاحەددین ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی حەشدی شەعبی و لە ئەنجامدا ١٠ چەكداری حەشد كوژران و زیانەكانی چەكدارانی داعشیش دیار نییە.

عەقید ھێمن ساڵح، شارەزای سەربازی، لەبارەی ھێرشەكانی داعشەوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئەوەی پێشتر عێراق بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن كۆتایی داعشی راگەیاند، راست دەرنەچوو، چونكە لە زۆر ناوچەی عێراق ھێشتا چەكدارانی داعش چالاكن و ھێزە ئەمنییەكان و سەربازانی عێراقیش توانای كۆنتڕۆڵكردنی رەوشی ئەمنیی عێراقیان نییە".

ناوبراو روونیشی كردەوە: "تا ھزری داعش لە عێراق مابێت، جا لە ژێر ھەر ناوێكدا بێت بەردەوامی بە كردەوە تیرۆریستییەكانیان دەدەن، چونكە خەڵكێك ھەیە لەگەڵ داعشدا ھاوسۆزە و، ئەو ھۆكارانەش كە بوونەتە ھۆی دروستبوون و سەرھەڵدانی داعش، ماون".

 

قائید میرۆ