سەلام عەبدوڵڵا
بەڵگەنەویستە كە یەكڕیزیی مایەی هێزو دەستكەوتەو پەرتەوازەییش لاوازی و هەل لە دەستە، لەگەڵ ئەوەشداو لەگەڵ روونی ئەم ڕاستییە سەلمێنراوەدا، هێزە كوردییەكان زۆرجار بەهۆی پەرتەوازەیی و فرە گوتاری و هەڵوێستەوە دەبنە مایەی لەكیسدانی زۆر مۆڵەت كە دەتوانرێ لە رێی یەكڕیزی و هاوهەڵوێستییەوە گەلێك ماف بەدەست بهێنرێت كە گەلەكەمان لێشاوێك لە خوێن و هەزاران شەهیدی لەپێناودا داوە كە زۆرجار مەسەلەكەمانی گەڕاندۆتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، بۆیە ئیدی كاتی ئەوە هاتووە، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەی كە بەغدای ئەمڕۆی پێدا تێدەپەڕێت، هەندێك ناكۆكی لاوەكی و بێ بایەخ ببێتە مایەی لێكترازان و فرە هەڵوێستی كە دیارە ئەنجامەكەی هەر زیان و لەدەستدانی مافە رەواكانی گەلی كوردە.
راستە حزبە كوردییەكان، كە ئەمڕۆ نوێنەرانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نوێنەرایەتی گەلەكەمان دەكەن، هەریەكەو خاوەن بیروڕاو ئایدۆلۆژیاو باكگراوندو مێژووی خۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە لە بەغدا ئەمڕۆ نوێنەرایەتی سەرجەم گەلەكەیان دەكەن بۆ داكۆكی لە مافەكانمان لەو ئەنجوومەنەن، بۆیە دەبێ لەسەر مەسەلەكانی پەیوەست بە گەلەكەمان لە هەرێم و داواكانی یەكڕیزو هاوهەڵوێست بن.
بەڵێ، زۆر ئاساییە ئەم حزبانە لە هەرێم ململانێی یەكتری بكەن و هەڵوێستی جیاوازیان هەبێت و ناكۆكیش بن، بەڵام كە دەچنە بەغدا دەبێ مەسەلە گەورەكە ببینن و خاڵی هاوبەش كە داكۆكییە لە دەستكەوتەكانی هەرێم بكەنە كاری سەرەكییان كە هەر هەموو حزبەكان بە پەیڕەو و پڕۆگرام لەسەری كۆكن و بنەمای دروستبوونی ئەو حزبانەش هەر لەپێناو دەستەبەركردنی مافە زەوتكراوەكانی گەلەكەماندا بووە جێی سەرسوڕمان كە ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا دەیبینین پێچەوانەی رای حزبەكانیانە لە هەرێم، كە داوای تەبایی و یەكڕیزی دەكەن لە بەغدا، بۆیە ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانی تێكڕای گەلەكەمان كە دەبینین هەندێك لە ئەندامانی ئەو حزبانە هەڵوێستی جیاواز لە حزبەكانیان وەردەگرن.
فەرموو ئەوەتا گرووپی (15) نەفەری لە بەغدا دروست بووە كە ئەندامەكانی لە حزبی جیاواز پێكهاتووەو خۆی جیاكردۆتەوە كە بەمەش بەرەی كوردی دوو كەرت و لاواز دەكاو ناتەبایی هێزە كوردییەكان نیشان دەدات.
لە ڕاستیدا ئەم گرووپە (15) نەفەرییە گەر بەبێ ئاگاداری حزبەكانیان ئەو كارەیان ئەنجام داوە دەبێ داوای روونكردنەوەیان لێبكرێ، چونكە بۆ هاووڵاتی زۆر كارێكی ئاسایی نییە، رەنگە جێی بڕواش نەبێت، كە ئەو نوێنەرانە لە بەغدا ئاوا بە پێچەوانەی حزبەكانیانەوە كە لە هەرێم كۆدەبنەوەو جەخت لەسەر یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی دەكەنەوەو ئاواش ئەوان لە بەغدا بەو شێوەیە رەفتارو سەرپێچی بكەن.