هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە سبەی شاندی حكوومەتی هەرێم جارێكی دیكە بچنەوە بەغدا، چونكە بەغدا داوای هەندێك زانیاریی كردووە و سبەینێش زانیارییەكان دەبەن. دەشڵێ، حكوومەت دەیەوێت ئەمجارە هەموو كێشەكان چارە بكرێن و تەنها پرسی مووچە نەبێت.
د. ئەحمەد سەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوێنێ شاندی حكوومەتی هەرێم گەڕانەوە بۆ كوردستان و بڕیارە سبەینێش جارێكی دیكە بچنەوە بەغدا و درێژە بە دانوستانەكان بدەن، چونكە بەغدا داوای هەندێك زانیاری لەبارەی نەوت و داهات لە هەرێم كردووە، بۆیە ئەم جارە دەیانەوێت لەسەر كۆی كێشەكان بگەنە رێككەوتن و تەنها پرسی مووچە نەبێت".
سەفار گوتیشی: "ئەگەر رێككەوتن بكرێت، پێویستە بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە بڕیار، كە ئەمەش ڕەنگە بكەوێتە دوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، كە بڕیارە ئەم هەفتەیە دەنگی لەسەر بدرێت و ئەمەش پێویستی بە رەزامەندیی هەموو فراكسیۆنەكان هەیە".
بڕیاردەری لیژنەی دارایی باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێم دەیەوێت كێشەكە بە یەكجاری چارە بكرێت و ساڵانە دووبارە نەبێتەوە، چونكە ناكرێت ساڵانە ئەو كێشەیە دووبارە ببێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.
بڵند ئیبراهیم