د. دیندار: پێشوازی لە راپۆرتی ساڵانەی كۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەكانی ئەمەریكا دەكەین

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- كۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەكان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، راپۆرتی ساڵانەی خۆی دەربارەی ئازادییە ئایینییەكان لە ساڵی 2019 بڵاو كردەوە، لە بەشی عێراقی راپۆرتەكەدا، تیشكی خستووەتە سەر رەوشی ژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە عێراق و هەرێم، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانیش لە حكوومەتی هەرێم دەڵێ، پێشوازی لە راپۆرتی ساڵانەی كۆمیسیۆنەكە دەكەن.

د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ئێمە پێشوازی لە راپۆرتی كۆمیسیۆنی ناوبراو دەكەین بۆ ساڵی 2019 سەبارەت بە رەوشی پێكهاتە ئایینییەكان، ساڵانە كۆمیسیۆنی ناوبراو راپۆرتی خۆی بڵاو دەكاتەوە، ئێمە لە لایەن خۆمانەوە لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ سەرنج و تێبینییەكانیان دەكەین تاكو زانیاریی تەواویان لەسەر رەوشی ئەم پێكهاتانە هەبێت و، روونكردنەوەكانی خۆمان بە پشتبەستن بە راستییەكان و داتا و زانیاری پێشكەش بە كۆمیسیۆنی ناوبراو دەكەین".

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، لەبارەی راپۆرتەكەوە زیاتر گوتی: "دوای ئەوەی بە چەند راپۆرتێك لە ساڵانی رابردوودا وەڵامی كۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەكان درایەوە و واقعی ژیانی رۆڵەكانی پێكهاتەكانمان روون كردەوە، كۆمیسۆنەكە لە راپۆرتی ساڵی 2019یان ستاییشی رۆڵی هەرێمی كوردستان دەكات سەبارەت لەخۆگرتنی پێڕەوانی گشت ئایین و نەتەوە و مەزهەبەكان بە بێ جیاوازی و حەواندنەوەیان پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پێویستەكان دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش، ئاماژە بەوەش دەكات، كە رۆڵەكانی پێكهاتە ئایینییەكان روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەوەش دەخاتە روو كە جیاواز لە دەسەڵات و وڵاتانی تر حكوومەتی هەرێم گرنگییەكی زۆری بە پێكهاتەكان داوە لە گشت بوارەكانی ژیان تەنانەت لە دەسەڵاتی بڕیاردانیش رۆڵی خۆیان پێ دراوە و لە پەرلەمان و حكوومەتدا بەشدارییەكی كارایان هەیە".

لە راپۆرتی ساڵانەیدا، كۆمیسیۆنەكە حكوومەتی هەرێم هان دەدات بۆ چارەسەركردنی كێشەی زەوی و زاری كریستیانەكان لە هەرێم بۆ ئەوەی گیانی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان پتەوتر بێت، لەم رووەوە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی دا: "سەبارەت بە كێشەی زەوی و زاری كریستیانەكان، ریشەی ئەم كێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەی كە پەیڕەوی دەكرد بۆ تێكدانی گیانی تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان، سەرەڕای ئەمەش دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستییان ناوە. لەلایەكی ترەوە حكوومەت قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانەی كردووەتەوە كە زەوییەكانیان لە دەست داوە لە موسڵمان و كریستیان، بەشێك لەو زەویانە بۆ خزمەتگوزاریی گشتی سوودیان لێ وەرگیراوە و بە باشتربوونی دۆخی دارایی و ئابوورییش، هەوڵ دەدرێت ئەوانەی كە ماون قەرەبوو بكرێنەوە".

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا، دیندار زێباری سەبارەت بە بوونی رۆڵەی پێكهاتەكان لە هێزە ئەمنییەكان گوتی: "حكوومەتی هەرێم بە یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای (پاراستنی مافی پێكهاتەكان) گشت مافی پێكهاتەكانی دیاری كردووە، لە بواری پەروەردە و كلتوورییەوە مافەكانیان دابین كراوە لە رووی خوێندن و بڵاوكراوە بە زمانی تایبەتی خۆیان، هەروەها هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەكو یەك هێزێكی نیزامی كە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەكرێت، رۆڵی سەرەكیی هەبووە لە پاراستنی سنوورەكانی هەرێم و هەوڵی داوە گشت هێزەكان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە كۆبكاتەوە هەر لەم چوارچێوەیەدا و لە ساڵی 2014 پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش بە فەرمانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، هێزی فەرمیی تایبەتی بۆ كریستیان و ئێزدییەكان دامەزراوە كە لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدایە".