کۆچ و کۆچبەران: زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان ماون

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی کۆچ و کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی عێراقی ئەوانەی لەگەڵ ھێرشی داعش ھاتوونەتە کوردستان ماونەوە و ھێشتا نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکوومەتی فیدڕاڵ وەکو پێویست ھاوکاریمان ناکات بۆ ئیدارەدانی ئاوارەکان و وەکو ئەرکێکی مرۆڤایەتی ھەرێمی کوردستان ئاوارەکانی لەباوەش گرتووە.

شاکر یاسین، بەڕێوەبەری گشتی کۆچ و کۆچبەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "زیاتر لە ٤٠ کەمپی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان ھەن و ژمارەیەک لەو کەمپانەش تایبەتن بە ئاوارەکانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش کە لە ساڵی ٢٠١٤ ڕوویان لەھەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام بەداخەوە بەھۆی بارگرانی لەسەر ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاوی ئاوارەکان لەدەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن و کاتی خۆشی بەھۆی زۆری ژمارەی ئاوارەکانەوە حکوومەتی هەرێم نەیتوانی ھەموویان لەنێو کەمپەکاندا نیشتەجێ بکات. 

بەڕێوەبەری گشتی کۆچ و کۆچبەران گوتیشی، "زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی عێراقی ئەوانەی لەگەڵ ھێرشی داعش ھاتوونەتە کوردستان ماونەوە و ھێشتا نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان کە ھەردوو پارێزگای نەینەوا و ئەنبار پشکی شێریان بەردەکەوێ، ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکوومەتی فیدڕاڵ وەکو پێویست ھاوکاریمان ناکات بۆ ئیدارەدانی ئاوارەکان و وەکو ئەرکێکی مرۆڤایەتی ھەرێمی کوردستان ئاوارەکانی لەباوەش گرتووە.

 

قائید میرۆ