"ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت سه‌لماندی داهاتی نه‌وتی هه‌رێم چه‌ند شه‌فافه‌"

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-kdp.INFO- شاره‌زایانی بواری نه‌وت و غاز جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیتی جیهانی له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردن و داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان گرنگیی زۆری هه‌یه‌ و وه‌ڵامێكه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ له‌ پرۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرن و به ‌ناشه‌فافی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ئێستا ئه‌و كۆمپانیایه‌ كه‌ بێلایه‌نه‌ به‌ ژماره‌ هه‌مووی ورده‌كارییه‌كانی بڵاو كردووەته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕه‌خنه‌ ده‌گرن هیچ بیانوویه‌كیان نه‌ماوه‌.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی 2019ی کۆمپانیای دیلۆیتی سەبارەت بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و داهاتی نەوت بڵاو کردەوە و تێیدا دەردەکەوێت لەو ساڵەدا داهاتی فرۆشی نەوت نزیکەی 8 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، به‌ جۆرێك، لەو ساڵەدا 170 ملیۆن و 977 هەزار و 784 بەرمیل نەوت بەرهەم هێندراوە، 158 ملیۆن و 512 هەزار و 960 بەرمیل نەوت بە بۆڕی فرۆشراوە بە بڕی 8 ملیار و 349 ملیۆن و 749 هەزار و 733 دۆلار، بە تێکڕا هەر بەرمیلێک 52 دۆلار و 76 سەنت فرۆشراوە و جگه‌ له‌وه‌ش، وەزری یەکەمی 2019 مانگەکانی (3،2،1) بەرهەمهێنانی نەوت 41 ملیۆن و 340 هەزار و 645 بەرمیل بووە، بەشێکی بۆ ناوخۆ بووە، ئەوەی کە فرۆشراوە 38 ملیۆن و 584 هەزار و 174 بەرمیل نەوت بووە، داهاتەکەشی  یەک ملیار و 998 ملیۆن و 920 هەزار و 739 دۆلار بووە. هەر بەرمیلێک بە 51 دۆلار و 80 سەنت فرۆشراوە.

د. ڕزگار مشه‌ختی، مامۆستای زانكۆ و بڕیارده‌ری پێشووی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانی عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئه‌و ڕاپۆرته‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ دیار ده‌بێت حكوومه‌تی هه‌رێم چه‌نده‌ گرنگی به ‌شه‌فافیه‌ت ده‌دات و عێراق له‌و كۆمپانیایه‌ ئه‌ندام نییه‌ و هه‌رێم ئه‌ندامه‌، ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ پرۆسه‌ی نه‌وت له‌ هه‌رێم چه‌ند شه‌فافه‌ و ده‌می هه‌مووان ده‌گرێت و وه‌ڵامێكه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌رێم و به‌غداش ڕه‌خنه‌ ده‌گرن، چونكه‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ كه‌ بێلایه‌نه‌ هه‌مووی به‌ ورده‌كارییه‌وه‌ بڵاو كردووەته‌وه‌.

د. ڕزگار گوتیشی: "ئه‌مه‌ بڕوانامه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌و كۆمپانیا جیهانییه‌ وردبینی له‌ پرۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، چونكه‌ خه‌ڵكێك بێ به‌ڵگه‌ به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ له ‌نه‌وتی هه‌رێم ده‌گرن، به‌ڵام ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌ به‌ڵگه‌ و به‌ژماره‌ هه‌مووی ڕوون كردووەته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ له ‌به‌غداش ده‌بێته‌ چه‌كێكی باش به‌ده‌ست كورده‌وه‌."

جیهاد حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بێگومان شه‌رێكی گه‌وره‌ ده‌كرێت له‌ ڕاگه‌یاندن و بوختان به‌ هه‌رێم ده‌كرێت كه‌ داهاتی نه‌وتی هه‌رێم شه‌فاف نییه‌، به‌ڵام جێی خۆشحاڵییه‌ ئه‌و كۆمپانیای دیلۆیت به ‌به‌ڵگه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی داوه‌ته‌وه‌ و ناكرێت بێ به‌ڵگه‌ تۆمه‌ت ببه‌خشرێنه‌وه‌ و پێویسته‌ به‌ڵگه‌ هه‌بن، چۆن حكوومه‌تی هه‌رێم به ‌داتا و ژماره‌ هه‌مووی داهات و فرۆشتنی نه‌وتی خستووەته‌ ڕوو، پێویسته‌ ئه‌وانیش به‌ڵگه‌ بخه‌نه‌ ڕوو."

جیهاد حه‌سه‌ن باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌و ڕاپۆرته‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات ئه‌و كه‌سانه‌ دژی حكوومه‌تن و نایانه‌وێت ڕاستییه‌كان بزانن و چاویان به‌ شه‌فافیه‌تی نه‌وتی هه‌رێم هه‌ڵنایه‌ت، به‌ڵام دیار بوو كێ ڕاستگۆیه‌ و كێ ڕاستگۆ نییه‌، چونكه‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ لەسه‌ر ئاستی جیهان باوه‌ڕپێكراوه‌ و ناتوانن ڕه‌خنه‌ی لێ بگرن، چونكه‌ ئه‌وان ڕاپۆرته‌كه‌یان بڵاو كردووته‌وه‌ نه‌ك حكوومه‌ت تا ڕه‌خنه‌ی لێ بگرن."

 

بڵند ئیبراهیم