سەعید گاباری لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی مەلا ئۆمەر بە خاكدەسپێردرێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- کاتژمێر 04:45 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 4-5-2020 هونەرمەندی نێوداری کوردستان و خەڵکی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان سەعید گاباری لە تەمەنی 65 ساڵی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکانەوە لە نەخۆشخانەی سەردەمی هەولێر کۆچی دوایی کرد".

بەگوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمی پارتی بڕیاربوو ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە فڕۆكەیەكی تایبەت بۆ چارەسەر رەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا بكرێت".

سەعید گاباری، یەكێكە لە ھونەرمەندە بەناوبانگەكانی كورد، چەندین ساڵ خزمەتی بە گەل و نەتەوەكەی كردووە، چەندین جاریش بەھۆی ھەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی لەلایەن دوژمنانی كوردەوە تووشی ئازار و ئەشكەنجە بووەتەوە.

سەعید گاباری لە ساڵی 1956 لەدایكبووە و خەڵكی شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان بوو، لە قۆناغە جیاوازەكانی شۆڕشەكانی كورد رۆڵی بەرچاوی ھەبووە و گۆرانییەكانی كاریگەری گەورەیان لەسەر ورەی پێشمەرگە و ھاووڵاتییانی كورد ھەبووە بەرامبەر دوژمنانی كورد.

سەعید گاباری خاوەن چەندین گۆرانی جیاوازە لە بوارەكانی گەلەری و شۆڕشگێڕی و ئەڤینداری. بەم دواییانە باری تەندروستی سەعید گاباری بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە تێكچوو، ئەمرۆ دووشەممە 4/5/2020 بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری ھەولێر كۆچی دوایی كرد و لەسەر وەسیەتی خۆشی لە گۆڕستانی مەلا ئۆمەر بە خاكدەسپێردرێت.