هەولێر-KDP.info- لەسەر پێشنیازی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، پێداچوونەوە بە رەوشی چاكسازییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت و بریكاری وەزارەتەكەش دەڵێ، بەشێك لە زیندانیان بەر لێبووردن دەكەون.
زەكیا سەید ساڵح، بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەر لە دەستپێكی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوچەكە و ھەرێمی كوردستان، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پێشنیازی كرد بۆ ئەوەی بارگرانیی سەر چاكسازییەكانی ھەرێمی كوردستان كەم بكرێتەوە، لێبووردن بۆ زیندانیان دەربكرێت".
بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی گوتیشی: "لەسەر پێشنیازی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، لیژنەیەك بە سەرپەرشتیی لایەنی دادوەری پێك ھاتووە و كار بۆ دەركردنی بڕیاری لێبووردن دەكەن، بەڵام لە چوارچێوەی یاسادا دەبێت و پێداچوونەوە بە رەوشی چاكسازییەكاندا دەكرێت".
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بە ھۆی مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە ھەرێمی كوردستان رێوشوێنی پێویست لە چاكسازییەكانی گەوران و ئافرەتان و نەوجەوانان گیراوەتە بەر، ئەویش بۆ پاراستنی ژیانی كەسانی سزادراو لەنێو چاكسازییەكاندا".
قائید میرۆ