شاره‌زایه‌كی بواری نه‌وت: مه‌یدانی کار بۆ كۆمپانیاكان زۆره‌

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  شاره‌زایه‌كی بواری نه‌وت زانیاریی گرنگ له‌سه‌ر نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرا ده‌كات و پێی وایه‌ كوردستان ده‌روازه‌یه‌كی گرنگی نه‌وتە بۆ ناوچه‌كه،‌ به ‌مه‌رجێك ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌می دانه‌نرێت.

د. عه‌لی به‌لۆ، پێشووتر ڕاوێژکاری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کانی کوردستان بووه‌ و ئه‌ندامی لێژنه‌ی باڵای نه‌وت و گازی هه‌ولێر و به‌غدا بووه‌ له‌ خولی ڕابردووی په‌رله‌مانی عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "له ‌ده‌ستپێکی تازه‌ی خولی په‌رله‌مان له‌ ساڵی ٢٠٠٧ کاتێک یاسای نه‌وت و گاز ده‌رچوو، له‌سه‌ر بنه‌مای کوردستان بۆ چه‌ند پارچه‌یه‌کی به‌رهه‌می نه‌وتی، ئه‌وکاته‌ هه‌ندێک کۆمپانیای که‌م ئاماده‌یییان ده‌ربڕی بۆ کارکردن ئه‌وانیش دانا گاز و dno و دواتر کۆمپانیای گه‌وره‌ هاتن، وەکو شێڤرین و ئیکسۆن موبیل و ڕۆسنه‌فت، ئاخر جاریش کۆمپانیای ڕووسی داوایان کردووه‌، به‌داخه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌رفه‌تی که‌م مابێت بۆ کۆمپانیا چینییه‌کان، به‌ڵام ئه‌وان ده‌توانن پشک له‌و کۆمپانیایانه‌ بکرین که‌ به‌نیازن پشکه‌کانیان بفرۆشن، ڕه‌نگه‌ چین بیه‌وێت له‌م ڕێگایه‌وه‌ بێته‌ مه‌یدانی کارکردن له‌ کوردستان، دواتر چین ده‌توانێت له‌ بواری پیشه‌سازیی نه‌وتدا، وه‌ک دامه‌زراندنی پاڵاوگه‌ی گه‌وره‌ له‌ کوردستان، چونکه‌ پێویستیان به‌ پاڵاوگه‌ی گه‌وره‌ هه‌یه، لەبەر ئەوەی پاشماوه‌ی نه‌وت ده‌بێته‌ بارگرانی له‌سه‌ر هه‌رێم و پاڵاوگه‌کان، بۆیه‌ ئه‌مه‌ش ده‌کرێت وه‌ک پاشماوه‌ی نه‌وت بفرۆشرین، چین ده‌توانێت له‌و بارەیەوه‌ ڕۆڵی هه‌بێت، وه‌ک کۆریای باشوور که‌ له‌مه‌دا زۆر پێشکه‌وتووه."‌

گوتیشی: "مه‌یدانی کار بۆ كۆمپانیاكان زۆره‌، به‌تایبه‌ت له‌ بواری پیشه‌سازیی نه‌وت له‌ كوردستاندا، به‌ڵام ئێمه‌ش ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین که‌ پێشبرکێی زۆر هه‌یه‌ بۆ کارکردن له‌ کوردستان."

ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو: "گرنگه‌ به‌غدا یاسای نه‌وت و گاز ده‌ربكات و له ‌په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، ئه‌وكاته‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستكراوه‌تر ده‌بێت له‌ شێوه‌ی كاركردن."

کارزان هەورامی