جێگری پارێزگاری مووسڵ: داعش خۆی لە تۆنێلەکانیدا حەشار داوە و مەترسیی پەیدا کردووە

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

مووسڵ -KDP.info-  داعش لە نەینەوا تا دێت مەترسیی زیاتر بۆ سەر خەڵکی پەیدا دەکات و جێگری پارێزگاری مووسڵیش دەڵێ، نایشارینەوە داعش ناوچەی جەزیرەی کۆنتڕۆڵ کردووە و لەنێو تۆنێلەکاندا خۆیان حەشار داوە.

ڕەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەند ڕۆژێکە داعش مەترسیی بۆ سەر خەڵکی دەوروبەری مووسڵ پەیدا کردووە و ڕۆژانی ڕابردوو ھێرشیان کردبووە سەر گوندێکی تەلەعفەر و خەڵکی گوندەکە بەھۆی نەبوونی ھێزی ئەمنی لە ناوچە بەرگرییان لە خۆیان کردبوو. ئێستا داعش مەترسیی زۆری بۆ سەر ھاووڵاتیان پەیدا کردووە."

جێگری پارێزگاری مووسڵ دەڵێت: "ئێمە دەزانین سەنتەری بەھێزبوونی داعش لە کوێیە، ئەوان لە سووریاوە بۆ عێراق ھاتوچۆ دەکەن و لە سنووری  ئەنبار ھەتا نەینەوا ناوچەیەک ھەیە بە ناوی جەزیرەی حەزەر، ناوچەیەکی زۆر بەرفراوانە و بووەتە ھێلانەی چەکدارانی داعش، لە سنووری قەزای بەعاجیش، کە ھاوسنوورە لەگەڵ سووریا، داعش هەیە.'

سمۆ پێی وایە: "داعش لە پێدەشتەکانی دەوروبەری مووسڵ لەژێر تۆنێلەکاندا خۆیان حەشار داوە و لە ڕێگەی شانەکانیانەوە خەریکی جێبەجێکردنی پیلانەکانیانن."

ڕەفعەت سمۆ ڕوونی کردەوە: "بوشاییی ئەمنی ھۆکاری سەرەکیی بەھێزبوونی داعشە، ھەرچەندە ئێمە وەک ئیدارە پرسیار دەکەین لەبارەی قەبارەی داعش وەڵامی جیھازی ئەمنی ئەوەیە کە داعش نەماوە، تەنیا چەندسەد چەکدارێکن، کەچی ڕۆژانە چالاکیی تیرۆرستییان ھەیە، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەینەوا گوازراوەتەوە و بۆشاییی ئەمنی ھەیە، چونکە ئێمە پێمان وایە ئەرکی سوپا و ھێزە ئەمنییەکانە کێوماڵی ناوچەکە بکەن و داعش نەھێڵن."

قائید میرۆ