وەزیری بازرگانی بۆ KDP: دەست بە دابەشکردنی خۆراک دەکەین

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لەچەند رۆژی داھاتوودا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری بەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دابەش بکات و وەزیری بازرگانی و پیشەسازیش دەڵێ، ھەر پارێزگایەک بەشی خۆی پێدەدرێت.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بۆ ھەرشارە و لیژنەیەک پێکھاتووە بۆ دابەشکردنی خۆراک بەسەر ھاووڵاتیانی کەمدەرامەت و بڕیارە لەمانگی رەمەزان دا دەست بە دابەشکردنی پڕۆسەی ئازوقە بکرێت بەسەر ھاووڵاتیان وە پەلە دەکەین بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەکە و ھەموو ھاووڵاتیانی کەمدەرامەتیش سوودمەند دەبن.

لەبارەی ئەو مادانەشی کە دابەشدەکرێن وەزیری بازرگانی گوتی، "تا ئێستا حکوومەت ١٠ ھەزار تەن ئارد و چوار ملیۆن لیتر زەیت و ھەزار تەن نیسک و چواردسەد و بیست ھەزار قتوی ئاوی تەماتەی کڕیوە و چاوەڕێ دەکەین مادەی دیکەشی تێدابێت.

موسلیم دەشڵێ، " بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستی ئێمەیە مادەکان دابەشی سەر ھاووڵاتیان دەکرێن و ھیچ خێزانێکی کەمدەرامەتیش نامێنێ ھاوکاری نەکرێت و خوراکیان بۆ دابین دەکرێت لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە.

 

قائید میرۆ