ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیار ده‌دات كه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info-  حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای له ‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ حکوومییه‌كان كردووه‌ كه‌ ڕاپۆرتێك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌ حکوومییه‌كان ئاماده‌ بكه‌ن. ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی باڵای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان گوتی، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆ ده‌بێته‌وه‌ و بڕیار له‌باره‌ی واده‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌ حکوومیه‌كان ده‌دات و بڕیار بوو سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ ده‌ست پێ بكاته‌وه‌، به‌ڵام بۆ كاتێكی دیكه‌ دوا خرا و ئه‌گه‌ر ده‌ستیش پێ بكرێته‌وه‌ به ‌یه‌كجار نابێت و به ‌قۆناغ ده‌بێت.

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "ئاماژە بە باشبوونى دۆخی تەندروستیى هەرێمى کوردستان و بەپێى ڕاپۆرتى وەزارەتى تەندروستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە ئاراستەى وەزارەتەکەمان کراوە، لە پلانماندایە لە (٢٠٢٠/٥/١٦) بەدواوە خوێندنى ئاساییى نێو کەمپەس لە زانکۆکان دەست پێ بکەینەوە، ئەگەر خودا نەخواستە ھیج گرفتێکی تەندروستی سەرھەڵنەداتەوە، ئەوا قۆناخ بە قۆناخ دەتوانین ژیانى زانکۆکان ئاسایى بکەینەوە."

د. ئارام محەمەد قادر گوتیشى: 'بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نزیکترین دەرفەتدا کۆ دەبێتەوە و بڕیارى یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە دەدات."

د. هه‌ڵۆ عسكه‌ری، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "داوا له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان كراوه‌ كه‌ ڕاپۆرتی خۆیان له‌باری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان ئامادە بکەن و هه‌ر وه‌زاره‌ت و ده‌زگایه‌ك ڕاپۆرتی خۆی ئاماده‌ بكات، كه‌ چۆن ده‌وام ده‌ست پێ بكرێته‌وه‌ و به‌ چ شێوه‌یه‌ك بێت و داوا كراوه‌، سه‌ره‌تا كامه‌ كارمه‌ند پێویسته،‌ ئه‌وانه‌ ده‌وام بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌باڵغی دروست نه‌بێت و له‌ هه‌ر ژورێك یه‌ك فه‌رمانبه‌ر، یان ده‌وامكردن به ‌نۆره‌ بێت، تاوه‌كو قه‌ڵه‌باڵغی دروست نه‌بێت."

د. هه‌ڵۆ عه‌سكه‌ری گوتیشی: "پێویسته‌ كه‌مترین تیكه‌ڵبوونی فه‌رمانبه‌ر و مه‌راج هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وتن نه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاره‌ دانیشێت و بڕیار بدرێت، چونكه‌ بڕیار بوو له ‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ست پێ بكرێته‌وه‌، دوا خرا بۆ كاتێكی نادیار و زیاتریش پشت به‌ ڕاپۆرتی ته‌ندروستی ده‌به‌ستن."

گوتیشی: "تا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌بێت زه‌حمه‌ته‌، بۆیه‌ گه‌ر ده‌وام كرایه‌وه‌ ئه‌وكات قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نامینێت، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ی بڕیاری لێ ده‌درێت، به‌پێی دۆخه‌كه‌ ده‌بێت."

لەوبارەیەوە وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاڵان حه‌مه‌ سه‌عید، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تا ئێستا ئاگادار نین كه‌ كه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌ حکوومیه‌كان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌."

بڵند ئیبراهیم