هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، سەعات نۆی ئەمشەو بۆ متمانەدان بە كابینەی حكوومەتی عێراق دیاری كراوە، شەوی ڕابردووش فراكسیۆنە كوردییەكان و شاندی حكوومەتی هەرێم لە ماڵی سەرۆككۆمار كۆبوونەوە و تێیدا بڕیار درا كورد یەكهەڵوێست بێت لەبارەی دەنگدان بە كابینەی مستەفا كازمی.
هەدار بارزانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بڕیارە سەعات نۆی ئەمشەو پەرلەمان دەنگ لەسەر كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی بدات، كە تا ئێستاش گفتوگۆ بەردەوامە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و گۆڕانكارییان لە وەزارەتی داراییش كردووە، كە پشكی كوردە و گۆڕیویانە بە وەزارەتی دەرەوە، بۆیە گفتوگۆ بەردەوامە و ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ مستەفا كازمی كۆدەبێتەوە و ئەو پرسە یەكلا دەكاتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ: "شەوی ڕابردوو شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ماڵی سەرۆككۆمار كۆبوونەوە و تێیدا بڕیار درا كە هەموو فراكسیۆنەكان بۆ دەنگدان و دەنگنەدان بە كابینەی نوێ، یەكهەڵوێست بن".
بڵند ئیبراهیم