"پێشێلکاری لە ناوچە کوردستانییەکان لە زیادبووندایە"

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

 

ناوچە کوردستانییەکان - KDP.info -  ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ڕۆژانە پێکهاتە غەیرە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕووبەڕووی ستەمێکی گەورە دەبنەوە، بەتایبەتی کورد ڕۆژانە هەست بە بێخاوەنی و مەغدووری دەکات.

مەم ئەسکەندەر، خۆی ئەندامی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە گوتی: "لڤ و تەڤگەری داعش بووەتە هەڕەشە و بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لەم ناوچانەدا هەیە لە زیادبووندان."

مەم دەڵێت: "ڕفاندن و هەڕەشە و پارەوەرگرتن و سووکایەتیکردن و ئەوەی لە هەمووان مەترسیدارترە وەرگرتنی زەوییە، هەموو جۆرە تاوانێک لەو ناوچانەدا ڕوو دەدەن، تا هێزەکانی پێشمەرگە نەگەڕێنەوە هەموو شتێکی خراپ ڕوو دەدات و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەش بەردەوامە."

ئەم ئەندامپەرلەمانە دەشڵێ: "لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا و تەواوی فراکسیۆنەکان و سەرکرداتیمان لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە."

مەم زانیاریی دا کە لە پەرلەمانی کوردستانیش بە زمان و هزری کوردی خەریکی دروستکردنی ئەرشیڤ و نەخشەی جوگرافیی ئەو ناوچانانەن بۆ ئەوەی وەک نامیلکەیەک پێشانی خەڵکی بدەن کە ناسنامەی ئەم ناوچانە کوردستانییە.

مەم لە کۆتاییدا گوتیشی: "سەردانی مەیدانیی ئەو ناوچانەمان کردووە و لەم خولەدا چەندین بەڵگەنامە و دیکومێنتمان کۆ کردووەتەوە، لەوانەش سووتانی دەخڵودانی جووتیاران لە کەرکووکەوە تا شنگال، کە تا ئێستا ٤٠ تا ٥٠ هەزار دۆنم زەوی سوتێنراون."

مەناف حەسەن، کارگێڕی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ گوتی: "لە ناوچە کوردستانییەکان، حەشدی شەعبی، بەتایبەت لیوای ٣٠، سووکایەتی بە خەڵک و دەستدرێژی بۆ سەر زەویوزاری خەڵک دەکەن."

گوتیشی: "ئەو هێزە ڕێگە نادات خەڵک بازاڕ بۆ خۆی بکات و گوشاری خراپ لەسەر خەڵک دەکەن و ئێستا ١٥٠٠ خێزانی شەبەک بەهۆی ئەم خراپیی دۆخەوە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و هەر لە دهۆک و هەولێرن."

شێخ حسێن، کوردێکی شەبەکی گوندی تەیراوەی سەر بە بەرتڵە، لە واڵی فەیسبۆکەکەیدا داوای گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی کردووە، کەچی حەشدی شەعبی وەڵامێکی خراپیان داوەتەوە.

لەوبارەیەوە شێخ حسێن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "من بەهۆی کوردایەتی داوای گەڕانەوەی پێیشمەرگەم کردووە و داوام کرد ناوچەکە بە هێزی هاوبەش بەڕێوە ببردرێت، کەچی حەشدی شەعبی منیان گرت و گوتیان دەبێ لە ناوچەکە نەمێنی و منیان دەرکرد. ئێستا لە ناحیەی کەڵەک لە ئاوارەییدام و بەوهۆیەشەوە من و چەندین کەسی تر سکاڵامان لە بارەگای یوئین تۆمار کردووە."

کــــاروان بـــاعەدری