پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهێزترین حزبی هەرێمی کوردستانە، بەڵگەش بۆ ئەمە، سەرکەوتنیەتی بە پلەی یەکەم لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان. مێژووش سەلماندوویەتی، پارتی پێشەنگ بووە لە شۆڕش و قوربانیدان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد و لەو مەیدانەشدا خاوەنی چەندین دەستکەوتی مەزنە بۆ ئەم گەل و نیشتمانە.
پارتی، پێشەنگ بووە لە چەسپاندنی ئازادی و دیموکراسیەت لە هەرێمی کوردستان، بێ گومان پێشەنگیش بووە لە پاراستنی خاک و ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، هەمیشەش پێكهێنەری سەرەكیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە و دەبێ، لەو ڕێگەیەشەوە زۆرترین پڕۆژەی ستراتیژیی گرنگ و کار و چاکسازی و ئاوەدانیی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ كردووە.
پارتی بەبێ ئەوەی بەڵێن بدات، هەمیشە کاری کردووە، لەئاست کەموکوڕییەکاندا بەرپرسیارانە مامەڵەی کردووە و شانی داوەتە بەر، خۆی بە خاوەنی ئەم نیشتمانە زانیوە بە هەموو دەستکەوتەکان و کەموکوڕییەکانیشەوە، ئەمەش بە بەڵگە و داتاوە ڕوونە کە لە کابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستاندا، سەرباری ئەو پلانگێڕییانەی دوژمنان و دروستکردنی قەیرانی دارایی و کۆسپ خستنە بەردەم پڕۆژەی چاکسازی و هەموو ئەو ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییانەی بۆی دروست کران، توانیویە لەم کابینەیەدا زۆرترین چاکسازی و پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ بكات، وەك ژمارەیەكی زۆر پۆند و پەنداو بۆ کەمکردنەوەی كاریگەرییەكانی وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بۆ سوودوەرگرتن لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و سامانی ماسی و گەشتیاری، زۆرترین پڕۆژەی ڕێگاوبانی لەناو شار و ناوچەکانی دەرەوەی شارەكان جێبەجێ كردووە و چاکسازیی تێدا کردووە، زۆر قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگای نوێ و نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی كردووەنەتەوە بینای بۆ دابین كردوون و خستوونیەتە خزمەتی هاووڵاتییان.
هەروەها بەردەوام لێخۆشبوون و داشکاندنی بۆ کرێی خوێندنی خوێندکارانی پاراڵێڵ کردووە، بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی قوتابیان و كەسوكاریان، چەندین پڕۆژەی دیكەی گەشتوگوزار و کشتوکاڵی جێبەجێ كردوون و زۆرترین هەلی کار بۆ گەنجان رەخساندووە، مامۆستایانی وانەبێژی كردووەتە گرێبەست. سەرباری بڕینی بودجە و قووتی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە، هەوڵی داوە مووچەی هاووڵاتییان دابین بکرێت، لەبەر ئەم هۆکارەش دوژمنانی گەلەکەمان زۆرترین دژایەتیی کابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە و دەکەن، مووچەی خەڵك دەبڕن و کۆسپ دەخەنە بەردەم پڕۆژە چاکسازییەکان و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامە و پڕۆژەی زۆر گرنگتری بۆ کابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە و بەردەوامە لە پڕۆژەی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی. دروشمەکەی (ئارامی و ئاوەدانی پێکەوەیی و خۆڕاگری)یە و خۆڕاگر دەبین و دەست لەناو دەست هەموو هەوڵێك دەدەین، بۆ ئەوەی بەرهەمی هەوڵ و كاركردنمان ئارامی و ئاوەدانیی زیاتر بێت بۆ هەرێمی کوردستان.