هەولێر-KDP.info- سه‌عات 12ى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشەممە، 2020/5/6، به سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونى هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نەبى قه‌هوه‌چى، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (3)ی ئاساییی خولی به‌هاره‌ی ساڵی دووه‌م له خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه چوو.
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان له‌لایه‌ن مونا نەبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانەوە، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه خوێندرایه‌وه، كه له دوو خاڵ پێك هاتبوو؛ خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پێشنیازه‌بڕیاری (پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاسا و پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌ده‌ر له حوكمی مادده‌ی (82)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (79، 80، 82) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، خاڵی دووه‌م و كۆتاییى به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی پلانی (وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی) و (وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده) سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌كانی په‌تای (كۆڕۆنا) له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندنی ساڵی (2019 ـ 2020).
هه‌روه‌ها پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێمۆڵه‌ت خوێندرایه‌وه.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به ناوی په‌رله‌مانه‌وه به‌خێرهاتنی هه‌رسێ وه‌زیری خوێندنی باڵا و وه‌زیری په‌روه‌رده و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مانى كرد بۆ ئاماده‌بوونیان له دانیشتنه‌كه‌دا.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پێشنیازه‌بڕیاری پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاسا و پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه كرا و ئاراسته‌ی لیژنه‌ى په‌یوه‌ندیدار كرا به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ڕێكاره یاساییه‌كانی بۆ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت و خوێندنه‌وه‌ی دووه‌مى به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌ی ڕوون كرده‌وه كه به‌پێی حوكمی مادده‌ی (82)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاسا و پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له مانگی یه‌كه‌می وه‌رزی به‌هاره ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی په‌تای كۆڤید-19 په‌رله‌مانتاران نه‌یانتوانی پیاده‌ی ئه‌و مافه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ی ئه‌ندامان نه‌فه‌وتێت بۆیه ئه‌و پێشنیازه‌بڕیاره خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه تاوه‌كو له مانگی داهاتوودا ئه‌ندامان بتوانن پیاده‌ی ئه‌و مافه بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ش سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشنیازی كرد كه تایبه‌تمه‌ندیی په‌له به‌و پێشنیازه‌بڕیاره بدرێـت، ئه‌م پێشنیازه‌ش خرایه ده‌نگدانه‌وه و به زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران په‌سند كرا و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی ڕا‌سپێردرا، هه‌ر ئه‌مڕۆ ڕاپۆرت بۆ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پێشنیازه‌بڕیاره‌كه ئاماده بكه‌ن.
خاڵی دووه‌م و كۆتاییى به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی پلانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌كانی په‌تای (كۆڕۆنا) له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندنی ساڵی (2019 ـ 2020).
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌ره‌تا د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕوونكردنه‌وه‌كانی له‌باره‌ی ڕێككاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له ناوه‌نده‌كانی خوێندنی زانكۆ و په‌یمانگاكاندا بۆ په‌رله‌مانتاران خسته ڕوو و ڕایگه‌یاند: "ساڵی ئاساییی خوێندنی ناوه‌نده‌كانی خوێندنی زانكۆ و په‌یمانگاكان له 30 هه‌فته پێك دێت، به‌ر له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆناڤایرۆس له سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندنی په‌یوه‌ست به خوێندنی باڵا زیاتر له 22 هه‌فته‌ی خوێندن ئه‌نجام درابوو، ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه ده‌مێنێته‌وه له نێوان 6 هه‌فته بۆ 8 هه‌فته ده‌بێـت و به تێكڕاكه‌ی 6 هه‌فته‌ی خوێندن ماوه ته‌واو بكرێت".
وه‌زیری خوێندنی باڵا ڕایشیگه‌یاند: "بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و 6 هه‌فته‌ی خوێندن كه ماوه ئه‌وا چه‌ندین بژارده و پلان له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌ته‌كه‌ماندایه و یه‌كێك له‌و پلانانه ئه‌وه‌یه كه ده‌كرێت له مانگی 6 یاخود له مانگی 7–دا قه‌ره‌بووی ئه‌و ماوه‌یه بكرێته‌وه."
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو، كه ئامانجی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان و حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه خوێندنی ئه‌مساڵ ڕزگار بكه‌ن و ته‌واوی بكه‌ن به‌هه‌ر شێوه و ڕێگایه‌ك بێت.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی باڵا ئاماژه‌ی به‌وه دا، كه ناوه‌نده زانستییه‌كان و تاقیگه‌كانی زانكۆكانی هه‌رێم خراونه‌ته خزمه‌ت وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژماره‌یه‌ك تاقیگه‌ش بۆ پشكنینی ڤایرۆس پێشكه‌شی چه‌ند ناوچه و یه‌كه‌ی ئیداری كراون. گوتیشی كه وه‌زاره‌ته‌كه‌یان له ڕێی زانكۆی سلێمانییه‌وه پرۆژه‌ی پێوانی جوگرافیی بۆ نه‌خۆشییه‌كان جێبه‌جێ كردووه، كه دیزاینی ئه‌م پرۆژه‌یه بۆ تێگه‌یشتن له ورده‌كارییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌یه و له داهاتووشدا بۆ جۆره‌كانی دیكه‌ی نه‌خۆشی له هه‌رێم سوودی لێ ببینن.
هه‌ر له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی باڵا چه‌ندین ڕوونكردنه‌وه‌ی دیكه‌ی له‌باره‌ی نه‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ناوه‌نده‌كانی خوێندنی باڵا و مه‌ترسییه‌كانی په‌تای كۆڕۆناڤایرۆس بۆ په‌رله‌مانتاران ڕوون كرده‌وه.
دواتر ئالان حه‌مه سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕوونكردنه‌وه‌كانی خۆی له‌باره‌ی پلانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ به‌رده‌وامیدان به خوێندن له قوتابخانه و خوێندنگاكانی هه‌رێم خسته ڕوو و ڕایگه‌یاند: "په‌تای كۆڤید-19 بووه هۆی داخستنی زیاتر له 90%ى ده‌رگای قوتابخانه‌كانی جیهان و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌رێمی كوردستان له 25/2/2020 پرۆسه‌ی خوێندنی ڕاگرت و بڕیار بوو تا 10/3 بێت، به‌ڵام به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی بارودۆخه‌كەوە بڕیارى داخستنه‌كه درێژ كرایه‌وه".
وه‌زیری په‌روه‌رده ڕایشیگه‌یاند: "وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌كو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده پێ‌داگر بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵی قوتابیانی هه‌رێم نه‌فه‌وتێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كارمان له‌سه‌ر چه‌ند بژارده‌یه‌ك كرد و هه‌روه‌ها پلانی ئه‌لته‌رناتیڤیشمان دانا".
هه‌ر له چوارچێوه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌كانیدا وه‌زیری په‌روه‌رده ئه‌وه‌یشی ڕاگه‌یاند: "له دواجاردا بڕیارمان دا له ڕێگه‌ی خوێندنی ئه‌لیكترۆنییه‌وه ده‌ست به پرۆسه‌ی خوێندن بكرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویست بوو زیاتر له یه‌ك ملیۆن و حه‌فتسه‌د هه‌زار قوتابی و 240 هه‌زار مامۆستا كۆدیان بۆ دروست بكرێت و هه‌روه‌ها له چوارچێوه‌ی پڕۆگرامێكی ناوخۆییدا به هاوكاریی كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم و یونیسێف و یونیسكۆ توانرا سه‌رجه‌م مادده‌كانی خوێندن بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كان به هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ی كه له قوتابخانه‌كاندا خوێندنی پێ ده‌كه‌ن به‌رده‌ست بێت و ئه‌مه‌ش به خۆبه‌خشیی مامۆستاكان و كۆمپانیاكان و ڕێكخراوی یونیسێف هاته به‌رهه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ خه‌رجییه‌ك له‌سه‌ر حكوومه‌ت بكه‌وێت، هه‌روه‌ها به پاڵپشتیی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم كه بوودجه‌ی پێویستی بۆ ته‌رخان كرد، ته‌له‌ڤزیۆنی په‌روه‌رده‌یی له كه‌ناڵێكی لۆكاڵییه‌وه كرایه كه‌ناڵی سه‌رتاسه‌ری و هه‌روه‌ها به پاڵپشتی یونیسێف بوودجه‌ی په‌خشی ئاسمانیشی بۆ دابین كرا".
وه‌زیری په‌روه‌رده ڕایشیگه‌یاند: "جێی خۆشحاڵییه تاوه‌كو ئێستا زیاتر له 547 هه‌زار قوتابی كۆده‌كانیان ئه‌كتیڤ كردووه و ئه‌وه‌ی زیاتر جێی خۆشحاڵییه ئه‌وه‌یه كه ڕێژه‌ی به‌شداریی قوتابیانی پۆڵی یه‌كه‌م تا چواره‌مى بنه‌ڕه‌تی زۆر به‌رزه كه ئێمه ترسمان لێى هه‌بوو كه نزم بێت".
له‌باره‌ی پرۆسه‌ی خوێندن و كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان، وه‌زیری په‌روه‌رده ڕایگه‌یاند: "له پۆڵی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی تاوه‌كو پۆڵی 11ى بنه‌ڕه‌تی، ئه‌وا ته‌نها بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتاییی ساڵ ده‌چنه‌وه خوێندنگاكان و له‌باره‌ی پۆڵی 12شه‌وه ئه‌وا له هه‌فته‌ی داهاتووەوە بڕیاری كۆتاییان له‌باره‌وه ده‌درێت".
هه‌روه‌ها وه‌زیری په‌روه‌رده چه‌ندین ڕوونكردنه‌وه‌ی دیكه‌ی له‌باره‌ی كاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ ته‌واوكردنی به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی مامه‌ڵه‌ی په‌روه‌رده و قوتابخانه‌كان و به‌ستنه‌وه‌یان به شاره‌كان و هه‌روه‌ها دروستكردنی زیاتر له 3 هه‌زار هه‌لی كار بۆ ده‌رچووانی خوێندنی باڵا و چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ په‌رله‌مانتاران ڕوون كرده‌وه".
دوای ته‌واوبوونی ڕوونكردنه‌وه‌كانی هه‌ردوو وه‌زیری په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه ده‌رگای گفتوگۆ به ڕووی په‌رله‌مانتاراندا كرایه‌وه، سه‌ره‌تا ڕێگه به لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵای په‌رله‌مان درا بۆ ئاراسته‌كردنی پرسیاره‌كانیان، له‌وباره‌یه‌وه سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵای په‌رله‌مان چه‌ند ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی هه‌وڵ و كاره‌كانی لیژنه‌كه‌یان بۆ هه‌ماهه‌نگی دروستكردن له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه بۆ چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی خوێندن و بڕیاردان له‌سه‌ر میكانیزمه‌كانی ده‌سپێكردنه‌وه‌ی خوێندن بۆ په‌رله‌مانتاران ڕوون كرده‌وه.
دواتر سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵای په‌رله‌مان، چه‌ندین پرسیاری له‌باره‌ی داهاتووی پرۆسه‌ی خوێندن و ڕێككارەكان و هه‌روه‌ها داهاتووی خوێندنی خوێندكارانی خوێندنی باڵا و مامه‌ڵه‌ی به‌هه‌میشه‌ییكردنی مامۆستایانی گرێبه‌ست و ده‌رماڵه‌ی خوێندكاران و بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندنی تایبه‌ت كه له چه‌ند زانكۆ و شوێنێكدا جێبه‌جێ نه‌كراون و هه‌روه‌ها كێشه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه و ده‌رماڵه‌ی به‌شێك له مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی ئاراسته‌ی هه‌ردوو وه‌زیری ئاماده‌بوو كرد و له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه هه‌ردوو وه‌زیری په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا، ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستییان پێشكه‌ش كردن.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یدا، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری فراكسیۆن و كوتله‌كانی ناو په‌رله‌مانه‌وه چه‌ندین پرسیار له‌باره‌ی ڕێكاره‌كانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه بۆ ڕزگاركردنی خوێندنی ئه‌مساڵ و هه‌روه‌ها كار و پلان و پڕۆژه‌كانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه ئاراسته‌ی وه‌زیرانی ئاماده‌بووی دانیشتنه‌كه كران و ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستییان پێشكه‌ش كردن.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسی هه‌ردوو وه‌زیری په‌روه‌رده و خوێندنی باڵاى كرد بۆ ئاماده‌بوونیان و ڕوونكردنه‌وه‌كانیان و ڕایشیگه‌یاند: "سبه‌ی سه‌عات 1ى دواى نیوه‌ڕۆ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پێشنیازه‌بڕیاری پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاسا و پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و به‌م شێوه‌یه كۆتایی به دانیشتنه‌كه هات.