ئێران سەرکۆنەی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا و بەڕیتانیا دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-15 16:15:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل باقایی ڕۆژی سێشەممە وتی ئێران سەرکۆنەی سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا و بەڕیتانیا دەکات بۆ سەر تاران و ڕەتی دەکاتەوە موشەکی باڵیستیکی دابێت بە ڕووسیا. ڕۆژی دووشەممە یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوت لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر حەوت کەس و حەوت لایەندا، بە هێڵی ئاسمانی ئێران ئێریشەوە، ئەوەش بەهۆی پەیوەندییانەوە بە گواستنەوەی موشەکی باڵیستیکی بۆ ڕووسیا. هەریەک لە هێڵی ئاسمانی ساها و هێڵی ئاسمانی ماهان و جێگری وەزیری بەرگری ئێران سەید هەمزە قالاندەریش لە نێو ئەو کەس و لایەنانەدان کە سزاکان دەیانگرێتەوە. مانگی ڕابردوو ئەمەریکا لە زاری دەزگا هەواڵگرییەکانەوە بڵاویکردەوە ڕووسیا موشەکی باڵیستیکی لە ئێرانەوە وەرگرتووە تاوەکو لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت. باقایی وتی " هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و بەڕیتانیا بە داخەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەک بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئێران لە ڕووی سەربازییەوە دەستی وەرداوەتە ئەم ململانێیەوە کە ئەوەش بە تەواوەتی ڕەت کراوەتەوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ جەنگەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا. هەروەها سەرکۆنەی سزا نوێیەکانی کرد و وتی سەپاندنی سزا نوێیەکان لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و بەڕیتانیاوە بۆ سەر کەس و لایەنە ئێرانییەکان دژی یاسای نێودەوڵەتین. سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بەرپرسە دیارەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و بەڕێوبەرەکانی پیشەسازییەکانی دروستکردنی فڕۆکەی ئێرانی و ڕێکخراوی پیشەسازییەکانی فڕۆکەوانیشی کردووەتە ئامانج. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز