بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئێران تاوەکو پلانگێڕییەکانی دژی ترامپ ڕابگرێت

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-15 17:25:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا هۆشداری داوەتە حکومەتی ئێران تاوەکو پلانگێڕییەکانی دژی دانۆڵد ترامپی کۆماری ڕابگرێت و وتوویەتی واشنتن هەر هەوڵێک بۆ سەر ژیانی ترامپ وەکو کردەوەیەکی جەنگ سەیر دەکات. بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەردەوام زانیاری پێدەدرێت لەسەر مەترسییەکان و تیمەکەی ڕاسپاردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پلانگێڕێییەکانی ئێراندا دژی ئەمەریکاییەکان. بەرپرسەکە وتی لەسەر فەرمانی بایدن، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا نامەیان بۆ بەرزترین ئاستەکانی حکومەتی ئێران ناردووە و تێیدا هۆشدارییان داوەتە تاران تاوەکو پلانگێڕییەکانی دژی ترامپ و بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکا ڕابگرێت. وتی ئێرانییەکان پێیان وتراوە کە واشنتن ئەمە وەکو کردەوەیەکی جەنگ سەیر دەکات ئەگەر هەر هەوڵێک بدرێت دژی ژیانی ترامپ. ئێران ڕەتی کردووەتەوە دەستی وەردابێتە کاروباری ئەمەریکاوە. تاران لە بەرامبەردا دەڵێت واشنتن چەندین دەیەیە دەستی وەرداوەتە کاروباری ئێرانەوە، ئاماژەی بە کودەتاکەی ساڵی 1953 داوە دژی سەرۆک وەزیرێک و هەروەها کوشتنی فەرماندەیەکی سەربازیی ئێران لە ساڵی 2020 دا لە ڕێی هێرشێکی درۆنی ئەمەریکاوە. لە مانگی یەکی ساڵی 2020 دا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ فەرمانی بە هێرشێکی ئاسمانی کرد کە بووە هۆی کوژرانی فەرماندەی سەربازیی باڵای ئەو کاتەی ئێران قاسم سولەیمانی، ئەوەش دوای ئەوەی زانیاریی هەواڵگری دەستکەوت لەسەر ئەوەی کە سولەیمانی پلانی هێرشی داناوە بۆ سەر ئەمەریکا و دیبلۆماتکاران و هێزە چەکدارەکان لە عێراق و لوبنان و سوریا و شوێنەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دانۆڵد ترامپ بەربژێری کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا بەرامبەر بایدن شکستی هێنا. کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ترامپ لە 24 ی مانگی نۆدا وتی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا ترامپییان ئاگادار کردووەتەوە لەسەر ئەوەی گوایە مەترسی ئێرانی لەسەرە. کۆشکی سپی وتی ئەمەریکا چەندین ساڵە زۆر لە نزیکەوە چاودێری هەڕەشەکانی ئێران دەکات دژی ترامپ و هۆشداریداوە لەسەر " دەرەنجامێکی توند " ئەگەر تاران هێرش بکاتە سەر هەر هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی. وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی شۆن ساڤێت وتی " ئێمە ئەمە بە بابەتێکی نیشتیمانی و ئاسایشی ناوخۆ سەیر دەکەین و بە کارێکی پێشینەی دەبینین، هەروەها بە توندی سەرکۆنەی ئێران دەکەین لەسەر ئەم هەڕەشانە. ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر هەر هاووڵاتییەکمان، بەوانەشەوە کە بەردەوامن لە خزمەتکردنی ئەمەریکا یاخود ئەوانەی پێشتر خزمەتییان کردووە، ئەوا ئێران ڕووبەڕووی دەرەنجامی توند دەبێتەوە." وتیشی " دەزگا گونجاوەکان بەردەوام لەگەڵ زیادبوونی زانیارییەکانی هەڕەشەکاندا وردەکاری ئاسایشی دەدەن بە سەرۆکی پێشوو." وتیشی " لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک بایدن جەختی لە فەرمانەکەی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە دەزگای پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا دەبێت سەرجەم سەرچاوە و توانا و ڕێوشوێنەکانی پاراستنی لەبەردەستدا بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیادبوونی ئەو هەڕەشانەدا." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز