ڕۆژی سێشەممە ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی کرد لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیل لە باکووری لوبنان کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 22 کەس. وتەبێژی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان جێرێمی لاورێنس لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت دەزگاکە ڕاپۆرتی دەستکەوتووە لەسەر ئەوەی کە 12 ژن و دوو منداڵ لە نێو ئەو کەسانەدا بوون لە هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی دووشەممەدا لە گوندی ئایتۆ کوژراون. وتی " ئەوە دەزانین کە ئەو بینایەی لێیدراوە بینایەکی نیشتەجێبوونی چوار نهۆمی بووە. بەپێی ئەم فاکتەرانە، ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و یاساکانی جەنگ و بنچینەکانی جیاوازیی و ڕێژەیی و ڕێژایەتی." ڕۆژی سێشەممە سوپای ئیسڕائیل وتی زەنگەکانی ئاگادارکردنەوەی هێرشی موشەکی لە ناوچەی حەیفا چالاک کردووە، هاوکات بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بەرپەرچی چەندین موشەکییان داوەتەوە کە لە لوبنانەوە هاتوونەتە ناو ئیسڕائیلەوە. هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیلیش ڕۆژی سێشەممە وتیان دەیان چەکدارییان لە هێرشە ئاسمانییەکاندا بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان کوشتووە. ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەڵێنیدا لەسەر ئەوەی " ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر حزبوڵا بەبێ هیچ بەزەییەک لە سەرانسەری لوبناندا، بە بەیروتیشەوە." وەڵامدانەوەی ئێران بەپێی بەرپرسانی ئەمەریکا، نەتانیاهو بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنی وتووە کە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئیسڕائیل دژی ئێران کارخانە ئەتۆمییەکانی ئێران ناکاتە ئامانج بەڵکو تەنها ئامانجە سەربازییەکان دەکاتە ئامانج. ئەمەش دوای ئەوەی کە بایدن ڕایگەیاند پشتگیری لە هێرشی ئیسڕائیل ناکات بۆ سەر کارخانە ئەتۆمییەکانی ئێران. هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل وەکو وەڵامێک بوو بۆ کوژرانی سەرکردەی حزبوڵای لوبنان حەسەن نەسڕوڵا، هەروەها لە نێوەندی توندبوونەوەی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵادا بوو. ئیسڕائیل بەڵێنیداوە وەڵامی ئێران بداتەوە، هاوکات ئەمەریکا ڕایگەیاند سیستمی بەرگری ئاسمانی و هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکات بۆ پاراستنی ئیسڕائیل. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا