نەرێنییەکانی بەڵێنی زۆری کاندیدەکان بە خەڵکی

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-16 17:05:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لە هەموو هەڵبژاردنێکدا کاندیدەکان بەڵێنی زۆر بە جەماوەرەکەیان دەدەن، بەو هیوایەی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن. بێگومان جێبەجێکردنی تەواوی بەڵێنەکان ڕەنگە کەم وێنە بێت، بەڵام هەر هیچ نەبێت دەبێت بە لایەنی کەم 30% ی ئەو بەڵێنانە جێبەجێبکرێن، ئەگەر ناو ئەوا  بە شکستهێنان دادەنرێت و دەبێتە هۆی نەمانی متمانە بە سیستەمی سیاسی و بڕوایەک لای خەڵکی دروستدەبێت کە دەنگەکانیان کاریگەری نییە و هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت. لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەمە بەدیکراوە کە بەڵێنی زۆر بە خەڵکی دراوە، بەڵام دواتر بەشی زۆری جێبەجێ نەکراون؟ دەپرسین: جێبەجێنەکردنی زۆربەی بەڵێنەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەتا چەند بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی بەشداربووان لە پرۆسەکانی دەنگداندا؟ بۆچی بەڵێنی گەورە بە دەنگدەران دەدرێت لە کاتێکدا دەزانرێت بەدیهێنانیان قورسە؟ هەتا چەند نائومێدی و ناڕەزایی و توڕەیی خەڵکێ لە ئەنجامی نەبردنە سەری بەڵێنەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنە؟ ئایە نەبردنە سەری بەڵێنەکان لایەن سیاسییەکانەوە نابێتە مایەی بڵاوبوونەوەی کولتوری فریودان؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری: دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستوێتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان. پارێزەر هۆشیار مالۆ، یاساناس و بەرپرسی ڕێکخراوی کوردستان بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ. پارێزەر هۆشیار مالۆ: ئەو بەڵێنانەی لەم هەڵبژاردنە کاندید و لیست و لایەنەکان دەیدەن نەک بە سەرۆکی وڵات بەڵکو بە ناتۆش جێبەجێ ناکرێت، بۆ نمونە لیستی واهەیە دەڵێت، کێشەی بێ کاری و موچە چارەسەر دەکەم لەکاتێکدا لەوتەی هەیە یەک کورسی هەیە ئاخر موچە بە یەک کورسیەوە چۆن چارەسەر دەکرێت؟! یان دەڵێت، هەلی کار دەڕەخسێنم لەکاتێکدا لەڕاستیدا ئەمە ڕەخساندنی هەلی کارە بۆخۆی تا موچەیەک بۆ خۆی مسۆگەر بکات و داهاتوش لەڕێی خانەنشینی پەرلەمانەوە هەر بۆخۆی دەستبخات، کاندیدی واهەیە دەڵێت، لەناو هەولێر دەریا دروست دەکەم! ئاخر ئەمە چۆن و بەچی دەکرێ؟!بۆیە ئێمە بڕیارماندا لەم خولەدا چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنی کاندید و لیست و قەوارە بەشداربووەکان بکەین.   بانگەشە و بەڵێنەکانی ئەمجارەی هەڵبژاردن وەک جۆرێک لە کۆمیدیای لێهاتووە، ئێمە لە ماڵی خۆمان وایلێهاتووە کاتێک بەشێک لەو سەرکردە سیاسییانە وتاردەدەن گەنمەشامی و کۆلا دەکڕین و دادەنیشین بۆخۆمان سەیریان دەکەین و پێیان پێدەکەنین وەک جۆرێک لە کۆمیدیای خۆش بۆخۆمان کاتێکی خۆش بەسەیرکردن و گوێگرتن لێیانەوە بەسەردەبەین، ئەو ڕۆژە کوڕەکەم لێی پرسیم باوە ئەوە ئیتر تەواو دەبێ وتم، بەڵێ وەرە کوڕم دوای ١٥ی مانگ نامێنێ بابۆخۆمان سەیریان بکەین و پێبکەنین، بۆ بەشێک لەخەڵکی تریش وایە بۆیە ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمی بەشداری و متمانەی خەڵکە بەپڕۆسەی هەڵبژاردن ئەو بەڵێن و فرویدانانە. دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان.: ئاساییە لیست و قەوارە و کەسایەتییەکان بەڵێن بە خەڵکی بدەن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵام دەبێت ئەو بەڵێنانەش سنورێکییان هەبێ، دەتوانین لێرەدا باس لە دوو جۆر کاندید بکەین، بەڵام کێشەی ئێمە ئەوەیە ئەو کەسانەی خۆیان کاندید کردووە بۆ پەرلەمان خۆیان وەکو سوپەرمان پیشان دەدەن، لەکاتێکدا کاری پەرلەمان کاری تاک نیە بەڵکو کاری تیمە، یاسادانان و بڕیاردانە کە ئەمانەش بە دەنگدان یەکلایی دەکرێنەوە نەک بە تاک، یەک تاکە کەس ناتوانێت هیچ شتێک بکات. ئەو کاندیدە بەڕێزانە بە هەڵە لە کاری پەرلەمانی تێگەیشتوون، پێویستە ئەو کاندیدە بەڕێزانە خۆیان ڕۆشنبیر بکەن لەسەر سێ ئەرکەکەی پەرلەمان و پەرلەمانتار کە یاسا دانان و چاودێریکردن و بڕیاردانە لە پرسە گرنگەکان، پێموایە بەڵێنی ئەو کاندیدانە لەوەوە هاتووە کە ڕووی پەرلەمان لای ئێمە شێوێنراوە، ئەمەش چارەسەر نابێت هەتا پەرلەمان لە ناوەندێکی ئیغراکردنەوە نەکرێتەوە بەناوەندێکی بڕیاردان، واتە لە ئیمتیازەوە بکرێتە ئەرک گرفتی ئێمە ئەوەیە پەرلەمانتاری وەک ئیمتیاز سەیر دەکرێت نەک وەک ئەرک، خودی حزبەکان ئەمە دەکەن دەڵێن با فڵانە کەس کەسی شەهیدە با سودمەند بێت، هەموو ئەو بەڵێنانەی ئەو لایەنە سیاسییانەی کە بەشدارن لە هەڵبژاردن دەیدەن لە 2013 دراوە، لە 2018 هەمان بەڵێنیان داوە بەڵام لە ١%یشییان جێبەجێنەکردووە. بینیمان حزبێک پێشتر دروشمی کوردستانێکی بەهێزی دەوتەوە لە 2018 بەڵام هیچ کات بە ئەندازەی ئێستا کوردستان لاواز نەبووە، یان دەیانوت هەر تاکێک پشکی لە نەوتی کوردستان دەبێت بەڵام بینیمان نەوتەکەیان ڕادەستی بەغداد کرد تەنانەت هاووڵاتیان نەوتی سپییان نیە، یا حزبێکی تر دەیوت بۆ ئارامی و هەلی کار دەنگ بە ئێمە بدەن، کەچی لە ناوەڕاستی شار خەڵک و کاسبکار تیرۆر دەکرێت، یا حزبێک دەیوت موچەی کابانی ماڵ دەدەین ئەوەتا موچەی مێردی کابانیش نەما، واتە دەبینین هەموو ئەو دورشمانەی ئێستا و ڕابردووش جۆرێک لە فرویدانی خەڵکی تێدایە و کاتیە و جێبەجێ ناکرێت، پەرلەمانتاری پێشوو هەیە کە خۆی کاندید کردووەتەوە ئەڵێ دەنگ بدەنەوە بە ئێمە چونکە ئێمە نەمانهێشت یاسای هاوڕەگەزبازی و مارەکردنی نێر لە نێر یا مێ لە مێ لە پەرلەمان تێپەڕێت، لەکاتێکدا بە هیچ جۆرێک پڕۆژەیاسای وا بوونی هەرنەبووە ئاخر برای موسڵمان چۆن دەبێت کەشتێک خۆی هەر نەبوبێ ئەمڕۆ بانگەشەی بۆ بکەی!یا ناشرینترین شت ئەوەیە دەڵێت بچمە پەرلەمان موچەی خۆم دابەش دەکەم لەکاتێکدا شتی وانیە، هەر ساڵی 2013 بوو کاک عەلی سیاسی و ئەوان بەڵێننامەیان بەکاندیدەکان پڕکردەوە کەئیمتیاز و شوقە و ئۆتۆمبێلی پەرلەمان ڕەتبکەنەوە هەرئەوەی واژۆی کردبوو دواتر زیاتر لەوانی تر داوای ئیمتیزای کردبوو کەدەرچوو بۆ پەرلەمان، بۆیە ئەوانە هەمووی بەپێی یاسا فریودان و درۆکردن و فێڵ و چەواشەکارییە کەلەلایەن لیست و لایەنە سیاسی و کاندیدەکانەوە دەکرێت خۆ ئەگەر بەپێی یاسا کۆمسیۆن ڕێوشوێنی یاسایی دژ بگرتنایە بەر پێموایە بەشی ئەوەندە نەدەمایەوە کەبچنە پەرلەمان، بەداخەوە کۆمسیۆنیش لەوەرگرتنی ڕێوشوێنە یاساییەکان سستە.