سەرۆکی پارتی ئامانجی عێراقی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، ریفراندۆم پلانی کۆنترۆڵکردنی کەرکوکی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 پێشخست، ئەگینا پلانی کۆنترۆڵکرددنی ئەو ناوچانە دەمێک بوو داڕێژرابوو. ئیسماعیل حەدیدی، سەرۆکی پارتی ئامانج و سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش و گرتنەوەی ناوچەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، عێراق هێزێکی زۆری لە حەمرین کۆکردەوەو ئامادەی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکوک." لە ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، سوپای عێراق هێرشێکی چڕو هەمە لایەنەی کردە سەر کەرکوک و زۆربەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا زۆربەی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێم دەرهێنا. ئەنجامدانی هێرشی عێراقی بۆ سەر کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەکاتێکدابوو، سوپای عێراق و پێشمەرگە پێکەوە شەڕی داعشیان دەکرد، بەڵام لە پڕ دۆخەکە گۆڕا بۆ شەڕی نێوان ئەو دوو هێزە. ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت، "ئێران و تورکیاو زۆربەی وڵاتان بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان هاوکاری حکومەتی عێراق بوون، چونکە پلانی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دەمێک بوو داڕێژرابوو." هەروەها وتیشی،"یاخیبوونی ئیدارەی ئەوکاتی کەرکوک لە حکومەتی عێراق و جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی عێراق، لاوازی و نەبوونی هێزە عێراقییەکان لەناو کەرکوک و هەروەها ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ ڕەزامەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پلانی کۆنترۆڵکردنی کەرکوکیان پێشخست." لایەنە کوردییەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی لە دوای ڕووخانی بەعسەوە لە ساڵی 2003 تا ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەری 2017، دەسەڵاتی تەواویان لە کەرکوک هەبوو، بەڵام دوای 16 ی ئۆکتۆبەر زۆربەی دەسەڵاتەکانیان لێ وەرگیرایەوە. تا پێش کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانی ناڕازیبوون و کوردیان بە قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان تۆمەتبار دەکرد، بەڵام دواتر هاوکێشە بە جۆرێک گۆڕا کورد بووە لایەنی ناڕازی و عەرەب و تورکمانیش دەسەڵاتیان گرتە دەست. حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، دەڵێت،"16 ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی کۆمەڵێک هەڵەی کەڵەبووی حزبە کوردییەکان بوو کە لە کەرکوک ئەنجامیاندا." هەرچەندە حەوت ساڵ بەسەر 16 ی ئۆکتۆبەرو لە دەستدانی ئەو ناوچانە لەلایەن کوردەوە تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە بەردەوامی هەیەو یەکێتی و پارتی یەکتری تۆمەتبار دەکەن. یەکێتی لەلایەن پارتییەوە بە ڕێککەوتن و ڕادەستکردنی ئەو ناوچانە بە حکومەتی عێراق تۆمەتبار دەکرێت، لەکاتێکدا یەکێتی هۆکاری 16 ی ئۆکتۆبەر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەرەڕۆیی پارتی دەگێڕێتەوە. شێرزاد سەمەد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کەرکوک ناوچەی کێشە لەسەرەو هەمیشە جێی ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا بووە." ئەو دەڵێت،"ریفراندۆم بیانووی دا بەدەست عێراقەوە تا هێرش بکاتە سەر کەرکوک، پارتی بەشێک بوو لە پلانەکەو پێی ناخۆشبوو یەکێتی لە کەرکوک بەهێزبوو." 16 ی ئۆکتۆبەرو هێرشی عێراق بۆ سەر ناوچە کێشە لەسەرەکان لە دۆخێکدا ڕوویدا، کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەوپەڕی ئاڵۆزیدا بوو، بە جۆرێک پەیوەندی نێوانیان گەیشتبووە ئاستی دابڕان و ترازان و سەرکردەکانی هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار دەکرد. کامەران کەرکوکی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"16 ی ئۆکتۆبەر پەردەی لەسەر ئەو نهێنییە لادا کە حزبی کوردی بەشێکیان بۆ ئاین و بەشەکەی تری بۆ ئابووری ئیش دەکات و خاک لایان گرنگ نییە. پارتیش بەرژەوەندی هەیە بەڵام هەندێک بەها هەیە ناتوانێت لێی لابدات." هەروەها وتیشی،"16 ی ئۆکتۆبەر پێگەی ئێرانی لەناوچەکە بەهێز کرد، ئێستا 16%ی عێراق بووە جێ نفوزی ئێران." دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر 16 ی ئۆکتۆبەرو لە دەستدانی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەلایەن کوردەوە، بەڵام هێشتا ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرکوک بەردەوامی هەیە. یەکێتی لەگەڵ بەشێک لە عەرەبی سونە حکومەتی خۆجێی کەرکوکی پێکهێناوە، لەکاتێکدا پارتی و بەرەی تورکمانی و بەشێکی تر لە عەرەبی سونە بەشداری حکومەتی کەرکوکیان نەکردووەو لە دۆخەکە ناڕازین.