ئیسرائیل هەواڵی کوژرانی یەحیا سنوار پشتڕاتدەکاتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-17 20:40:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لەشکری ئیسرائیل لە ڕێگەی پێگەکەی لەسەر ئێکس هەواڵی کوژرانی پشتڕاستکردەوە و بە کورتی نووسیویەتی یەحیا سنوار لەناوبرا. هەروەها ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەویش وەک یەکەم کاربەدەستی باڵای حکومەت هەواڵەکەی ڕاگەیاند. وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت، ئەویش ڤیدیۆیەکی لەسەر پێگەکەی لە ئێکس بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت کۆتایی بە سنوار هات، ئەو تێرۆرستەی ئێوەی دووچاری ئەم شەڕە کرد. پاشان داوایان لێدەکات هەرچی زووە بارمتەکان ئازادبکەن. پێشتر سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە لە ئەگەری کوژرانی یەحیا سینوار، سەکردەی گرووپی حەماس دەکەن. دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شین بێت) ئەویش لەو بارەیەوە پێشتر ڕایگەیاند، "لە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە سێ تەرم دۆزراونەتەوە کە شین بێت و سوپای ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا یەحیا سنوار لە نێویاندایە یان نا." بە گوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان، ئەو سێ تەرمە هێشتا لە غەززەدان، بەڵام نمونەی دی ئێن ئەیەکەیان ڕەوانەی دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئیسرائیل کردووە بۆ ئەوەی بزانن ئەوەی کوژراوە سنوارە یان نا. دامەزراوە ئیسرائیلییەکان نمونەی دی ئێن ئەی سنواریان لەو کاتەی کە 23 ساڵ لە زیندانی ئەو وڵاتەدا بووە، وەرگرتووە. بە گوێرەی ئەو میدیایانە، "بڕێکی زۆر پارە و هەروەها ناسنامەی ساختە" لە تەنیشت ئەو سێ تەرمەوە دۆزراوەتەوە. نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند دەسەڵاتداران بنەماڵەی ئەو 101 بارمتەیان ئاگادارکردووەتەوە کە هیچ بارمتەیەک لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمرۆدا کە بووەتە هۆی کوژرانی سنوار، لەوێدا نەبوون. لەگەڵ کوژرانی سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل، یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، وێنەی فەرماندەی کوژراوی حەماس، محەمەد زەیف، و حەسەن نەسروڵا، سەرۆکی حزبوڵای لوبنان کە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە گەڕەکی باشووری بەیروت کوژرا، لە تۆری کۆمەڵایەتی ئیکس بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی "دوژمنەکانمان ناتوانن خۆیان بشارنەوە، دەیاندۆزینەوە و لەناویان دەبەین." ئیسرائیل سنوار بە داڕێژەری سەرەکی هێرشەکانی حەماس لە 7ی مانگی دەی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەزانێت و دەوترێت دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە تونێلەکانی ئەو ناوچەیە خۆی حەشاردابوو. سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ڕادیۆ فەردا وەرگیراون