ڕوانینەکانی شارەزایەکی ئەمەریکایی و شارەزایەکی تورک لەسەر دەنگۆی ئاشتی نێوان تورکیا و کورد

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-17 20:40:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

تورکیا، وەک دەگوترێت لە هەوڵداندایە بۆ نزیکبوونەوە لە کورد و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە گەڵ کورددا. ئێرینا سوکرمان، پسپۆڕی ئاسایشی نەتەوەیی و پارێزەر لە بواری مافەکاندا، لەو بڕوایەدا نییە و دەڵێت "ئەردۆغان ڕژد نییە لەسەر ئاشتەوایی لەگەڵ کورددا، هەر هیچ نەبێت لە ئێستادا هیچ هەنگاوێکی ڕژد لە ئارادا نییە وەک ئاماژەیەک لێی بڕوانرێت بۆ وابەستەییەکی سیاسیانە، وەک ئەوەی بگوترێت گەڕانەوەیە بۆ وتووێژ لەسەر ئۆتۆنۆمی و دانپێدانان بە تاوانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، یان باس لە جێگیرکردنەوەی مافەکان بکرێت، یانیش ڕێزگرتن لە فرەیی. ئەوە لە بەرژەوەندی ئەردۆغانە کە تراویلکەیەک دروست بکات لەسەر ڕەوشی ناوخۆیی وڵاتەکەی." "ئەردۆغان چاوی لەوەیە لە ڕێی ئاینەوە وێناکردنەکەی پێشووی بخاتەوە بەردەست." خانم سوکرمان، ئەگەری دەنگۆی ئەم هەوڵەی تورکیاش دەبەستێتەوە بە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە " لە کاتێکدا تورکیا دەخوازێت سود لە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینێت هەتا وەک ڕێبەرێک لەو ناوچەیەدا دەربکەوێت، نەک هەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران، بەڵکو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیلیش. دورخستنەوەی کورد لە شییانەکانی هاوکارییکردن لەگەڵ تەلئەڤیڤدا، یەکێکە لەو میکانیزمانەی بۆ هەژموونی ناوخۆیی خۆی بەکاریدەهێنێت و جۆرێکە لە پلانێکی ئیبلیسیانە بۆ باوەڕهێنان بە سوڵتان و ڕێبەری ئیسلامییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو کاتەدا کە دەزانێت لە سوچێکدا گیری خواردووە. بێ لەوانەش، ئەردۆغان چاوی لەوەیە لە ڕێی ئاینییەوە وێناکردنەکەی پێشووی بخاتەوە بەردەست کە پێشتر بەهۆی دڵنەواییکردنی نەتەوەپەرستە توندڕەوەکانەوە، هەرچەندە لە هەندێک ڕەهەندەوە سودی لێبینیوە، بەڵام ئەو وێناکردنەی وەک کەسێک بۆ یەکگرتوویی، پێچەوانە بووەوە." "سەرۆکی تورکیا دەیەوێت دەستوری تورکیا بگۆڕێت." دکتۆر ئێمرە ئۆسلو، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا، وەک باسی دەکات دەشێت سەرۆکی تورکیا بیەوێت سود لە ئەندامە کوردەکانی پەرلەمانی تورکیا وەربگرێت و دەڵێت "پێدەچێت ئەردۆغان، هەم دەرفەت و هەمیش ئاڵنگاریی لە بەردەمدا بن کە ناچاری دەکەن کاراکتەرە کوردەکان بە دەرفەتێکی گرنگ ببینێت بۆ خۆی. یەکێک لە دەرفەتەکانی ئەوەیە پشتیوانی کورد بەدەستبێنێت تا دەستوری نوێی تورکیا تێبپەڕێنێت، چونکە وەها سەیری دەکات هەر شکستێکی لە هەڵبژاردنەکاندا بەهۆی ئەم دەستورەی ئێستاوەیە و دەشێت بەکاربهێنرێت بۆ گەڕانەوەی کەمالیستییە دێرینەکان و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو دامەزاراونەی لە 10 ساڵی ڕابردوودا ئەردۆغان پێکیهێناون. ئەردۆغان بە شوێن گۆڕینی دەستورەوەیە و پشتیوانی کوردیش لێرەدا پێویستە تا هەنگاوی بەرەوپێش بنێت. لە پەیوەندی بە ئاڵنگاریشەوە، دامەزراوەی هەواڵگریی تورکیا، کێشەی کورد وەک کێشەیەکی قوڵ و جەوهەری دەبینێت کە دەشێت زیان لە تورکیا بدات، بە تایبەتیش ئەگەر ڕەوشی ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چەند ساڵێکی تریش بەردەوام بێت؛ئەمەش وەهای کردووە، حکومەتی تورکیا ئەو هەستەی لەلا دروست بێت کە پێویستە شتێک بکات." پێشتریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەمان جۆر هەنگاوی هەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیادا، بەڵام هیچ یەکێک لەو هەنگاوانە سەرکەوتوو نەبوون، هەربۆیە یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە، ئەی متمانە چییە ئەمجارەیان ئەو هەنگاوە سەرکەوتوو بێت؟! "ئەردۆغان ڕژد نییە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیادا." دکتۆر ئێمرە، دەڵێت "پێموانییە ئەردۆغان بیەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات لەو سۆنگەیەوەی کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی ناو تورکیا و ناوچەکەش. وەک هەوڵەکانی پێشتری، ئەم جارەش هەر بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریدەهێنێت؛ جا هەتا ئەو شوێنەی کورد بە سود بگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی ئەردۆغان و دڵنیایی بدات لەوەی دەستوری نوێ تێدەپەڕێت و هەروەهاش هیواکەی زیندوو بمێنێتەوە هەتا بە پشتیوانی کورد سەرۆکایەتی داهاتووی ئەردۆغان مسۆگەربێت، ئەوانە باشترین متمانەن بە کوردی بدات. هێرشەکانی ئیسرائیلیش ئەگەر بەردەوام بن، متمانەیەکی ترە کە کورد بەدەستی بێنێت تا شتێک لە ڕژێمەکەی ئەردۆغان بپچڕێت؛ بەڵام ئایا دانپێدانانێکی تەواو دەنرێت بە مافی کورددا، نا پێموانییە." ئەردۆغان و متمانە خانم سوکرمان، هاوڕایە و دەڵێت " ناکرێت متمانە بە ئەردۆغان بکرێت، هەرگیزیش دڵنیایی نەداوە، تەنانەت لە سەرەتاشدا وەک دەیگووت دەیەوێت چارەسەرییەکی ئاشتیانە هەبێت بۆ مەینەتییەکانی کورد لە تورکیادا؛ ئەوە ڕێگەیەک بوو بەکاریهێنا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و بابەتێکیش بوو ئاستێکی زۆری جەماوەریی پێدا لە ساڵە بەراییەکانی فەرمانڕەوایەتییەکەیدا. جا هەر کە پلانە ئابورییەکانی بەرەو داڕمان چوون و ئاکەپە کەوتە بەر مەترسی لەدەستدانی کورسییەکانی، دەستبەجێ ئەردۆغان کوردی کردە قوربانیی و پەنای بردە بەر نەتەوەپەرستە توندڕەوەکانی تورکیا. ئێستاش هەر ئاوەهایە و تورکیا لە بارێکی خراپی ئابوریدایە و کێشەی لەگەڵ زۆر وڵاتدا هەیە؛ ئیتر ئەردۆغان جارێکی تر دەستدەکاتەوە بە هەڵمەتێک بۆ گۆڕینی وێناکردنەکەی هەتا دەستبەجێ ئامانجە سیاسی و ئابورییەکانی خۆی بپێکێت و ڕزگاریان بکات." ئەم پسپۆڕەی ئاسایشی نەتەوەیی، وەک بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دەشێت تورکیا لەم هەنگاوەیدا مەبەستی تری هەبێت و دەڵێت "ئاشکرایە تورکیا خواستی نییە بۆ بەرزڕاگرتنی هیچ ئۆتۆنۆمیی و یەکگرتووییەکی کورد، بە پێچەوانەوە دەخوازێت ئەم دەرفەتەش بەکاربێنێت بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا و بەهێزکردنی بیرۆکەی ڕێگەی ئابوری تورکیا و عێراق و بۆ بەهێزکردنی زیاتری بوونە لەشکرییەکەی تورکیا لە سوریا و عێراقیشدا و هەروەهاش دزەکردنە ناو کوردەوە و لەوانەیشە لایەنە کوردییەکان و بەرژەوەندییە جیاوازەکانی کوردیش بخاتە باری دژایەتیکردنی یەکترەوە." هەر کاتێک کردە لەشکرییەکانی تورکیا لەناو وڵاتەکەدا یانیش لە دەرەوەی تورکیا دەستیپێدەکرد، زۆرێک لە چاودێر ئاماژەیان دەکرد بەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەو هێرشانە وەک میکانیزمێک بەکاردەهێنن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی تورکیا و بەو ئامانجەی پارتی دەسەڵاتدار لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی زیاتر بەدەست بێنێت. دکتۆر ئیمرە دەڵێت "خۆشبەختانە، هەستی دژە کورد لە تورکیادا زۆر قوڵ نییە، لە ئاستێکدایە کە دەکرێت بە ئاسانی بە هەر میکانیزمێک بێت کاریگەریی تێبکرێت. ئەوەی ئەردۆغان پێویستی دەبێت تەنها ئەوەیە کۆمەڵگەی تورکیا دڵنیا بکاتەوە لەوەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد، شتێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگە؛ بە پێچەوانەی هەندێک لایەنی ترەوە، ڕوانینی تورکەکان بەرامبەر بە کورد شەڕانگێزانە نییە و لە ڕاستیشدا زیاتر دۆستانەیە، با هەر لە ژن و ژنخوازی نێوان کورد و تورک بڕوانین کە توانایەکی تەواوی پێکەوە ژیان دەبینین لە نێوانیاندا. تەنها تەگەرە لێرەدا نیگەرانیی دەستەبژێرە سیاسییە نەتەوە پەرستەکەیە لە ئەگەری جیابوونەوەی کورد، ئێستاش ئەو دەستەبژێرە وەها خۆی نیشان دەدات کە کار بۆ بەرژەوەندی کورد دەکات." تەوقەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە لایەنێکی ڕاستڕەوی نەتەوە پەرستە و لە تورکیاشدا بە لایەنێکی توندڕەوی نەتەوەیی ناسراوە، لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا و لەناو هۆڵی پەرلەمانی تورکیادا دەست بۆ تەوقەکردن ڕادەکێشێت لەگەڵ ئەندامانی دەم پارتی کورددا. ئەم هەنگاوە وەها لێکدراوەتەوە کە حکومەتی تورکیا ئەم جارەیان ڕژدە لەسەر هەنگاونان بۆ ئاشتی، بە بەڵگەی ئەوەی باخچەلی هاوپەیمانە سەرەکییەکەی ئەردۆغان لەو هاوکێشەیەدایە بۆ ئاشتی لەگەڵ کورددا. ئێرینا سوکرمان، پسپۆڕی ئاسایشی نیشتمانی و پارێزەری بواری مافەکان ڕایەکی جیاوازی هەیە و دەڵێت " ئەمە زیاتر ئاماژەیە بەوەی لە پەرلەماندا یەکگرتوویی هەیە لە کاتێکدا دابەشبوون و یەکتر گوناهبارکردنێکی زۆر هەیە لە نێوان بەرەی دەسەڵات و بەرەی ئۆپزسیۆندا. هەتا ئێستا هیچ لایەنێک داکۆکی لە ئازادکردنی ڕێبەرانی زیندانیکراوی کورد ناکات، یان دانانەوەی پەناپارێزیی بۆ کاربەدەستانی کورد، یان گێڕانەوەی شارەوانە کوردەکان بۆ ئۆفیسەکانیان. هەتا ئەو کاتەی ئەردۆغان و تیمەکەی هەنگاوی کردەیی و ئەرێنی نەنێن، ئەوا پێویستە ئەم جۆرە هەنگاوە سیمبۆلیانە وەها لێیان بڕوانرێت کە تەنها فێڵ و یاریکردنێکە بۆ باشکردنی وێنای ئەردۆغان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک لە دەرەوە و لە ناوەوە کە گوایە جارێکی تریش ئامادەیە بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی خۆی." سیاسەت و لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەسەڵاتدارانی تورکیا، نەک هەر لە وڵاتەکەی خۆیاندا بەڵکو لە سوریا و لە هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا چەندان جۆر ڕێوشوێنی ئاسایشییان لە بەرامبەر کورد گرتۆتە بەر. لەناو تورکیادا، زۆربەی هەرە زۆری جودابیرانی کورد بە یاساکانی دژە تێرۆر گوناهبار دەکرێن و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێندرێن، ئەمە بێ لەوەی وەک لە ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە، گەلی کورد بێبەشە لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆی لە تورکیادا. ئانکەرە، ڕووبەرێکی بەرفراوانیشی لە سوریادا داگیرکردووە و پشتیوانی ئەو هێزە ئۆپزسیۆنانەی سوریاش دەکات وەک جەبهەتولنوسرە، کە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاش بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست دایدەنێن. تورکیا نەیشاردۆتەوە کە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا بە مەترسی دادەنێت بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، ئەمانە بێ لەوەی بەردەوام بۆردومان و تۆپبارانی ژێرخانی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا دەکات و زیانی گیانیش لەناو خەڵکی سیڤیلدا هەن. لە هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا، لەشکرکێشیی و بۆردومانەکانی تورکیا، بوونەتە مایەی کوژران و برینداربوونی بە سەدان کەسی سیڤیل و هەروەهاش چۆڵکردنی سەدان گوندی ناوچە سنورییەکان. تورکیا دەیان بنکەی لەشکریی لە هەرێمی کوردستان و لە باکوری عێراقیشدا داناوە و ئانکەرە دەڵێت، ئەو کردە لەشکریانە بۆ لەناوبردنی پارتی کرێکارانی کوردستانە و سەرۆکی تورکیاش لە چەند بۆنەیەکدا ڕایگەیاندووە کە تورکیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورددا نییە، بەڵکو لەگەڵ تێرۆریزمدایە. هەر لە سەروبەندی ئەم ڕەوشە نوێیەی تورکیادا، ئەو دروشمانەی پێشتر بە پڕوپاگەندە کردن دادەنران بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان و سزای قورسیشیان لەسەر بوو وەک "بژی سەرۆک ئاپۆ – پەکەکە گەلە و گەل لێرەیە – چەرخا شۆڕشە" بە بڕیاری دادگای باڵای تورکیا، ئەو دروشمانە دەچنە خانەی ئازادییەکانی ڕادەربڕینەوە و دادگای باڵا دەشڵێت "هەر بڕیارێکی دادگاکان دابێتیان لەسەر وتنەوەی ئەو دروشمانە، پێشێلکردنی ئازادیی ڕا دەربڕینن."