ئەو ئۆتۆمبێلانە لە سەعات 11ی بەیانی تا پێنجی ئێوارە هاووڵاتییان بەخۆڕایی دەگوازێتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-07 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕای گەیاند، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی گۆڵف بۆ ناو بازاڕی هەولێر دابین كراوە، بەخۆڕایی هاووڵاتییان دەگوازێتەوە.

عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێستا كە رێی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەناو سەنتەری شار و چواردەوری بازاڕی قەیسەری داخراوە، بە پێویستمان زانی ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان بكەین.

زیاتر گوتی: سەعات 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بازاڕی گەورەی هەولێر دادەنرێت و هاووڵاتییان بەخۆڕایی دەتوانن لێی سوودمەند بن.

ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری ئەو ئۆتۆمبێلە بچووکانەن کە لە گۆڕەپانی گۆڵفدا بەکار دێن و بە ئۆتۆمبێلی گۆڵف لە دنیادا ناسراون.

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر گوتی،  ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە دۆستی ژینگەن و بە كارەبا كار دەكەن، دەنگ و دووكەڵیان نییە، خێراییەكەیان كۆنترۆڵ كراوە و سیمایەكی جوانیان هەیە كە لەگەڵ ناوەندی شار دەگونجێت.

عەبدولواحید ئەحمەد باسی لەوەش كردووە، رۆژانە ئەو ئۆتۆمبێلە لە خزمەتی هاووڵاتییان دەبێت لە سەعات 11ی بەیانی تا پێنجی ئێوارە.

 

بڵند ئیبراهیم