پەرلەمانی ئەڵمانیا پشتگیری لە توندکردنەوەی یاساکان دەکات بۆ پەنابەران

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-18 17:00:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی هەینی پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵێک کۆتوبەندی پەسەند کرد بەسەر ئەو سوودانەی کە پەنابەران وەرییان دەگرت، ئەمەش لە کاتێکدا کە بەرلین شوێن وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کەوت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر بۆ سنووردارکردنی کۆچ. پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا پلانەکانییان پەسەند کرد بۆ نەهێشتنی پشتیوانی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو پەنابەرانەی کە لە وڵاتێکی دیکەی یەکێتی ئەوروپا تۆمار کراون، هەروەها ئەو پەنابەرانە ئەگەری هەیە ڕەوانە بکرێنەوە. ئەم یاسا نوێیانە گۆڕانکارییەکی گەورەن لە سیاسەتی ئەڵمانیادا بەرامبەر کۆچبەران، ئەمەش نزیکەی 10 ساڵ دوای ئەوەی ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ دەرگاکانی وڵاتەکەی بەڕووی پەنابەراندا کردەوە. بەپێی یاسا نوێیەکان، ئەو پەنابەرانەی کە بە شێوەیەکی کاتی دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان مافی پاراستنییان لە ئەڵمانیا لە دەست دەدەن. هەمان یاسا بەسەر ئەو پەنابەرانەشدا جێبەجێ دەکرێت کە تاوانی دژە جوو و دژە هاوڕەگەزخوازی ئەنجام دەدەن. یاسا نوێیەکان لە مانگی هەشتدا پێشکەشی حکومەت کران وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە کوشندەکە لە فیستیڤاڵێکدا لە شاری سۆلینگینی ڕۆژئاوای ئەڵمانیا. ئەنجامدەری هێرشەکە پیاوێکی سوریایی تەمەن 26 ساڵ بوو کە گومانی ئەوەی لێکرا پەیوەندی بە داعشەوە هەبووبێت، تاوانبارەکە ئامادەکرابوو بۆ ڕەوانەکردنەوە بەڵام خۆی لە هەوڵەکانی بەرپرسان بۆ ڕەوانەکردنەوەی دزیوەتەوە. وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا نانسی فرەیسەر بە پەرلەمانتارانی وت ڕێوشوێنە نوێیەکان " ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەمان بە ڕووی مەترسییەکاندا بەهێز دەکەن." سەرچاوە/ فرانس پرێس