هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ' وێرانکارییەکی زۆر ' لە باشووری لوبنان کەوتووەتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-18 19:10:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی هەینی هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان وتی بەهۆی جەنگەکەی ئیسڕائیلەوە دژی حزبوڵا وێرانکارییەکی بەرفراوان لە شارۆچکە و گوندەکانی باشووری لوبنان دروست بووە. وتەبێژی هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئێستا لە هەموو کات زیاتر گرنگترە هێزەکان لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەو ڕاپۆرتانەی کە گوایە لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە هێرش کراوەتە سەر شوێنەکانییان. وتەبێژی هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان ئاندریا تێنێنتی وتی " پەرەسەندنی شەڕەکە بە درێژایی هێڵی شین بووەتە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوانی شارۆچکە و گوندەکان لە باشووری لوبنان، لە کاتێکدا کە ڕۆکێتەکان بەردەوام ئاڕاستەی ئیسڕائیل دەکرێن، بە ناوچەکانی هاووڵاتیانی مەدەنیشەوە." هێڵی شین هێڵی سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنانە. تێنێنتی لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لە بەیروتەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت لە جنێڤ " کاولکاری و لە ناوچوونی زۆرێک لە گوندەکان لەسەر هێڵی شین و لە دەرەوەشیدا توشی شۆکت دەکات." وتیشی " لە ئێستادا ڕۆڵی هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان لە هەموو کات زیاتر گرنگترە. پێویستە لێرە بین. پێویستە هەوڵ بدەین ئاشتی و سەقامگیری بهێنینەوە بۆ ئەم ناوچەیە." هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1978 دا لەو ناوچەیە جێگیرکرا بۆ چاودێریکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل دوای ئەوەی لەشکرکێشییەکییان بۆ ناو لوبنان ئەنجامدا، هەروەها بۆ یارمەتیدانی حکومەتی لوبنان تاوەکو دەسەڵاتی ناوچە سنوورییەکە بگرێتەوە دەست. تێنێنتی وتی ئێستا هێزەکەیان لە زیاتر لە 10,000 سەربازی ئاشتی پارێزی 52 وڵات پێکهاتووە، ئەمەش " پابەندبوونی وڵاتان پیشان دەدات بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ئەم ناوچەیە کە لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا بە دەست شەڕەوە ناڵاندوویەتی." ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هێزە ئاشتی پارێزەکان دووربخاتەوە تاوەکو " زیانییان پێنەگات." وتی حزبوڵا ئەو هێزانە وەکو " قەڵغانی مرۆیی " بەکاردەهێنێت. هێزەکان بڕیاریانداوە لە 29 شوێنەکەی خۆیان بە درێژایی هێڵی شین بمێننەوە. تێنێنتی وتی " گرنگە کە هێشتا ئاڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لەوێ ماوە، هەروەها لەبەرئەوەی کە ئێمە لەسەر داوای ئەنجومەنی ئاسایش لەوێین، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە دەنگێکی بەهێز و بڵند داوای کردووە لەوێ بمێنینەوە." وتیشی " دەستبەجێ دوای ئەوە چەندین جار کراوینەتە ئامانج، پێنج جار. هێرشی بە مەبەستیش." هێرشەکان ڕەخنەی نێودەوڵەتییان لێکەوتەوە، بەڵام سوپای ئیسڕائیل دەڵێت هێزەکانی ئاشتی پارێز یاخود شوێنەکانییان ناکاتە ئامانج. تێنێنتی وتی هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان ڕێگەی پێدراوە بەرگری لە خۆی بکات، " بەڵام دەشبێت زۆر وریا بین کەی هێز بەکاربهێنین و چۆنیش بەکاری بهێنین، چونکە نامانەوێت ببین بە بەشێک لەم شەڕە، هەروەها دەبێت وریا بین لە بەکارهێنانی هێزێکدا کە ڕەنگە ببێتە هۆی توندوتیژی زیاتر." وتی لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا زۆربەی ئەرکە ئێشکگرییەکانی هێزەکان هەڵوەشێندراونەتەوە، بەڵام بەردەوامن لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە شوێنەکانی خۆیانەوە، وتیشی پارێزراویی هێزەکان ئەرکی پێشینەمانە. سەرچاوە/ فرانس پرێس