کوژرانی یەحیا سینوار و شییانی ڕاگرتنی شەڕی غەززە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-18 19:10:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆک بایدن دەڵێت کوژرانی یەحیا سینوار دەرفەتێکە بۆ "چارەسەرییەکی ئاشتیانە" لە نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکاندا. ئەم لێدوانەی سەرۆک بایدن، بە ماوەیەکی کەم پاش ڕاگەیەندنەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی لەشکری ئیسرائیل بوو سەبارەت بە کوژرانی سینوار، پلان داڕێژەری هێرشە تێرۆرکارییەکەی 7ی مانگی 10ی ساڵی 2023. لە هێرشەکانی ئەم ساڵەی ڕابردوودا بۆ سەر غەززە، یەحیا سینوار یەکێک بوو لە ئامانجەکانی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل. یەحیا سینوار، وەک گەورە ڕێبەرێکی حەماس لە غەززە بۆ چەندان ساڵ کاری لەسەر بونیاتنانی توانایی سەربازیانەی ڕێکخراوە میلیشیاییەکەی دەکرد. ئەمەریکا ڕێکخراوی حەماس بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دادەنێت. لە7ی مانگی 10 ساڵی پارەوە کە حەماس هێرشەکەی کردە سەر ئیسرائیل، سینوار لە تونێلەکاندا خۆی شاردبووەوە، بەڵام ڕۆژی 5شەممە ئیسرائیل کوژرانی ئەو ڕێبەرەی حەماسی ڕاگەیاند لە کردەیەکی لەشکرییدا لە باشوری غەززە و گرتە ڤیدیۆییەکیشی بڵاوکردەوە و دەشڵێت دوا ساتەکانی ژیانی سینوارە. بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل لە وتارەکەیدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی سینوار، دەڵێت "بۆ هاووڵاتیانی غەززە، پەیامێکی سادەم هەیە؛ ئەم شەڕە دەشێت سبەی کۆتایی پێبێت، دەشێت کۆتایی پێبێت ئەگەر حەماس چەک دابنێت و بارمتەکان بگێڕێتەوە." جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ڕێدا بوو بەرەو ئەڵمانیا کاتێک هەواڵی کوژرانی سینوار بڵاوبووەوە و بە تەلەفون پەیوەندی کرد بە سەرەک وەزیری ئیسرائیلەوە و پیرۆزبایی لێکرد. سەرۆک بایدن دەڵێت "ئێستا کاتی هەنگاونانە، هەنگاو بۆ ئاگربەست لە غەززە و دڵنیابوون لەوەی بەو کەرخەیەدا دەڕۆین کە شتەکان بۆ سەرانسەری جیهان باش دەبن." هەڵمەتەکانی لەشکری ئیسرائیل سەرکردایەتی حەماسی کردۆتە ئامانج، بەڵام دەیان هەزار خەڵکی سیڤیلی فەلەستینیش کوژراون و ئەمەش وەهای کرد داواکەی بایدن بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەلایەن گەورە کاربەدەستانی ئەمەریکاوە چەندبارە ببێتەوە. کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت "دەبێت ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت و ئیسرائیلیش پارێزراو بێت، بارمتەکان ئازاد بکرێن، مەینەتییەکانی غەززە کۆتاییان پێبێت و گەلی فەلەستینیش بگاتە مافەکانی خۆی بۆ شکۆمەندی و ئاسایش و ئازادی و مافی چارەی خۆنوسین." کەسوکاری بارمتەکانی هێشتاش لای حەماس دەستبەسەرن، دەڵێن کوژرانی سینوار وەها دەکات پێویست بە ئاگربەست هەبێت. ئۆرنا نیوترا، دایکی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی ئەمەریکایی بە بارمتە گیراوە و دەڵێت لە ئێستادا "ژیانیان لە هەموو کاتێک زیاتر لە مەترسییەکی گەورەدایە؛ داوا لە حکومەتی ئیسرائیل و بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکاش دەکەین، هەنگاوی خێرا بنێن و هەرچییەکی پێویست بێت بیکەن بۆ گەیشتن بە سەودایەک لەگەڵ ڕفێنەرەکاندا." حەماس بڕیاریداوە، بارمتەکان ئازاد نەکرێن. خەلیل ئەلحەیە، یەکێکە لە سەرکردەکانی حەماس و لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا، کوژرانی یەحیا سینوار پشتڕاست دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە لەوەی حەماس بەردەوام دەبێت لە تۆفانی ئەقسا و وابەستەیە بە چوونەدەرەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل و ئازادکردنی گیراوە فەلەستینەکان و دەشڵێت بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازادناکرێن تا ئەو کاتەی هێرشەکان لەسەر غەززە ڕادەگیرێن و ئیسرائیل دەکشێتەوە.   وێڕای هەروادێ و زیاتر بوونی فشارەکان لەسەر حکومەتەکەی نەتەنیاهۆ، بەڵام پێناچێت کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، سەنگییە سەرەکییەکەی ئیسرائیل بێت. جۆناثان ڕایانهۆڵد، لە زانکۆی بار ئیلان دەڵێت "سەنگیی ئیسرائیل و ئەمەریکاش لەسەر لوبنانە، چونکە لەوێ دەرفەتێک هەیە بۆ لاوازکردنی حزبوڵا، ئەمەش شتێکە هەموو هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا؛ عەرەبستانی سعودیە و میسر و ئەوانی تریش، زۆر پێیان باشە." دوای یەک ساڵ لە هەڵمەتە لەشکرییەکانی ئیسرائیل، دانیشتوانی غەززە دەڵێن پێناچێت کوژرانی سینوار کۆتایی بە شەڕی غەززە بێنێت. هاوکاتی بەرەنگاربوونەوەی میلیشیاکانی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە، پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن زیاتر لە ملیۆن و هەشتسەد هەزار کەس کە نزیکەی لە سەدا نەوەتی دانیشتوانی غەززە دەکات، ڕووبەڕووی ئەو جۆرە قەیرانە بوونەتەوە کە لە ئاستی برسێتیدایە. بڵاوبوونەوەی ئەم زانیاریانەش دوابەدوای ئاگاهیدانەکانی ئەم هەفتەیەی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن بوو سەبارەت بە شییانی بڕینی یارمەتییە لەشکرییەکان ئەگەر ئیسرائیل پێداویستییە مرۆییەکانی غەززە چارەسەر نەکات. ڕۆژی پێنجشەممەش یارمەتییەکان بە فڕۆکە لە غەززە هەڵدەدرانە خوارەوە و کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێن، ڕێژەی یارمەتییەکان بێئەندازە کەم بوونەتەوە بەهۆی هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیلەوە لە باکوری غەززە کە بوونەتە هۆکارێک بۆ بڕینی ڕێگەکانی گەیاندنی پێداویستییەکانی ژیان لەوێ.