پاکستان زانکۆکان دادەخات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-18 19:10:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەرپرسانی پارێزگای پونجابی ڕۆژهەڵاتی پاکستان سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانییان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ داخست، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران لەسەر ئەوەی گوایە لە زانکۆیەکدا دەستدرێژی سێکسی ئەنجام دراوە. داخستنی قوتابخانە و زانکۆکانی قەرەباڵغترین پارێزگای پاکستان خوێندنی نزیکەی 18 ملیۆن خوێندکاری ڕاگرتووە. گرژییەکان لە کامپی زانکۆکاندا زیاتر بوون دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە گوایە لە شاری لاهۆری پایتەختی پونجاب حاڵەتێکی دەستدرێژی سێکسی هەبووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، خۆپیشاندانەکانیش لە چوار شار دەستییان پێکرد. لە گوجراتی پارێزگای پونجاب ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش لە ڕووبەڕوبوونەوەکانی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا گیانی لە دەستدا. پۆلیس کەسێکی لەوبارەیەوە دەستگیر کردووە. حکومەت و پۆلیس ڕەتی دەکەنەوە هیچ حاڵەتێکی دەستدرێژی سێکسی هەبووبێت لە کامپی تایبەتی گروپی کۆلێژەکانی پونجاب لە لاهۆر. حکومەت و پۆلیس هەوڵی دەستگیرکردنی دەیان کەس دەدەن، بە ڕۆژنامەنووسانیشەوە، دەڵێن ئەوان زانیاری نادروستییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی خۆپیشاندانەکان. بەڵام خوێندکاران ڕایانگەیاند دواتر لە ڕۆژی هەینیدا گردبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن و تێیدا داوای دادپەروەریی دەکەن بۆ " قوربانییەکە." بڕیاری داخستنی سەرجەم زانکۆکان لە پونجاب ڕۆژێک دوای ئەوە دێت سەدان خوێندکار هەڵیانکوتایە سەر بینای کۆلێژێک لە شارری رەوالپیندی. پۆلیس گازی فرمێسک ڕژێنی بەکارهێنا و ڕووبەڕووی خوێندکاران بووەوە، زیاتر لە 250 کەسییان دەستگیر کرد. خۆپیشاندانەکان هەروا دەستییان پێکرد، چونکە یەکێتی خوێندکاران لە ساڵی 1984 ەوە لە پاکستان قەدەغە کراوە. هیچ ڕێکخراوێک نیە نوێنەرایەتی خوێندکاران بکات، بەڵام باڵی گەنجانی پارتە سیاسییەکان بوونییان هەیە. توندوتیژی سێکسی لە پاکستان دژی ژنان شتێکی باوە بەڵام باسی لێوە ناکرێت، ئەوەش بەهۆی چەواشەکارییەوە لە وڵاتە پارێزگارەکەدا. خۆپیشاندانیش لەسەر ئەو پرسە لە وڵاتەکەدا دەگمەنن. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا