ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێتە ئامانج

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-19 15:10:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان رۆژی شەممە لە لوبنانەوە هەڵدراوە و بەر شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە شاری قەیسەریە لە باکووری ئیسرائیل کەوتووە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە ناتانیاهۆ و هاوسەرەکەی لەوێ ئامادە نەبوون. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەو نووسینگەیە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کەوتووەتە خوارەوە و ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. بەڵام بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسڕائیل هێشتا ڕوون نییە کە خانووەکە زیانی پێگەیشتووە یان نا. پێش ئەمەش کەناڵی هەواڵی تەلەفزیۆنی سعودی 'ئەلحەدەس' بڵاویکردەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە کە بۆ سەر قەیسەریە هەڵدراوە، شوێنی نیشتەجێبوونی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی کردوەتە ئامانج. هەروەها سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە 3 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە لوبنانەوە هەڵدراون بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە، دۆزراونەتەوە. بەگوێرەی کەناڵی تەلەگرامی سوپای ئیسرائیل، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕێگرییان لێکراوە و خراوەتە خوارەوە و فڕۆکەیەکی دیکەی بێفڕۆکەوانیش بەر باڵەخانەیەکی ناوچەی قەیسەریە کەوتووە. سوپای ئیسرائیل هەروەها ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە 55 موشەک لە لایەن حزبوڵاوە بەرەو حەیفا و باکووری ئیسرائیل هەڵدراون. هاوکات لە غەززە بەگوێرەی کاربەدەستانی نەخۆشخانەی ئەو کەرتە و پەیامنێری ئەسۆشێتد پرێس، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا زیاتر لە 50 کەس گیانیان لەدەستداوە کە منداڵیشیان تێدایە. سەرچاوە/AP