حەماس پێدەچێت کەسێک لە دەرەوەی غەززە وەکو سەرکردەی نوێی گروپەکە دەستنیشان بکات

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-19 17:15:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

گروپی چەکداریی حەماسی فەلەستینییەکان پێدەچێت سەرکردەیەکی سیاسیی نوێ لە دەرەوەی غەززە دەستنیشان بکات، ئەمەش دوای ئەوەی یەحیا سینواری سەرکردەی پێشووی حەماس لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا لە غەززە کوژرا. شارەزایان دەڵێن پێشبینیش دەکرێت محەمەد سینواری برای یەحیا سینوار ڕۆڵێکی گەورەتر ببینێت لە ئاڕاستەکردنی جەنگەکەدا دژی ئیسڕائیل لە غەززەدا. بۆ دەستنیشانکردنی سەرکردەیەکی نوێ بۆ گروپەکە، حەماس دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کەسێک دەستنیشان بکات کە خوازراوی ئێران بێت، هاوکات لە قەتەڕیش خوازراو بێت کە سەرجەم بەربژێرە سەرەکییەکان بۆ سەرکردایەتی حەماس لەوێ دەژین. ڕۆژی چوارشەممە یەحیا سینواری ئەندازیاری هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 بۆ سەر ئیسڕائیل، لە شەڕە تەقەیەکدا لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە کوژرا، ئەمەش دووەمین جارە لە کەمتر لە سێ مانگدا حەماس سەرکردە باڵاکانی لە دەست بدات. سەرکردەی پێشووتری حەماس ئیسماعیل هەنیە لە مانگی حەوتدا لە ئێران کوژرا و هێرشەکەش خرایە پاڵ ئیسڕائیل. کاتێک سینوار شوێنی هەنیەی گرتەوە، سەرکردایەتی سیاسیی و سەربازیشی حەماسی گرتە دەست، بەڵام باوەڕوایە ئەمجارە سەرکردەی سیاسیی و سەربازیی جیا بکرێتەوە. دوای زیاتر لە ساڵێک لە هێرشەکانی ئیسڕائیل دژی حەماس و کوژرانی هەزاران چەکداریی حەماس و لە ناوچوونی کەسایەتییە باڵاکانی لە دەرەوە و ناوەوەی غەززەدا، هێشتا ڕوون نیە حەماس چۆن لەم گێژاوەی تێیکەوتووە دێتە دەرەوە. جێگرەکەی سینوار، خەلیل الحیە، کە وەکو جێگرەوەی سەیر کراوە، ڕۆژی هەینی وتی بارمتە ئیسڕائیلییەکان ئازاد ناکرێن هەتاوەکو ئەو کاتەی هێزەکانی ئیسڕائیل لە غەززە دەکشێنەوە و جەنگەکە کۆتایی دێت. حەماس مێژوویەکی هەیە لەوەدا کە بە خێرایی سەرکردەی نوێ دەستنیشان دەکات، ئەنجومەنی شورای حەماسیش ئێستا ئەرکی ئەوەی پێدراوە کەسێک بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکات. ئەنجومەنی شورای حەماس نوێنەرایەتی سەرجەم ئەندامانی حەماس دەکات لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و زیندانەکانی ئیسڕائیل و فەلەستینییە دەربەدەرەکان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەرکردە نوێیەکە دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت دەست بکاتەوە بە گفتوگۆکانی ئاگربەست تەنانەت ئەگەر لە غەززەش نەبێت. جگە لە خەلیل الحیە، کە دانوستکاری باڵای حەماسە، بەربژێرە سەرەکییەکانی دیکە بریتین لە خالید مشعەل کە پێش هەنییە سەرکردەی حەماس بووە، هەروەها محەمەد دەروێش کە کەسایەتییەکی ناسراو نیە و سەرکردایەتی ئەنجومەنی شورا دەکات، ئەمەش بەپێی شرۆڤەکاران و سەرچاوەیەکی حەماس. سەرچاوەکە وتی حەماس دەبێت قەتەڕ و پایتەختەکانی دیکەی ناوچەکە ئاگادار بکاتەوە لە بڕیارەکەی. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز